کەروێشک ( الارنب...Rabbit
)
کەروێشک یەکێکە لە ئاژەڵە بچوکە شیردەرەکان، لەخێزانی
کەروێشکیەکانە ( leporidae family ) ،لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بلاوە ، لە
بنەڕەتدا ئاژەلێکی کێوی بوە مرۆڤ ماڵی کردوە
بۆ سود وەرگرتن لەگۆشت و فەروەکەی
هەروەها وەک ئاژەڵێکی جوانیش راگیر دەکرێ ،بەهۆی توانای فرە زاوزێ
یەوە جیا دەکرێتەوە لەئاژەلە شیردەرکانی
تر
بەخێو
کردن و راگرتنی کەرویشک پیوستی بە
گرنگیدان و چاودێری زۆر ورد ی هەیە جونکە
زۆر هەستیارە بۆ نەخۆشی و گۆرانکاریە ژینگەیەکان،کەرویشک زۆر وریا و هەستیارو
خێرایە لە جوڵەو راکردندا، بەرەبەیان و ئیواران زۆر چالاکە، کەرویشکی کێوی لەلایەن هەلۆ و باڵندە گۆشت خۆرەکانەوە هەمیشە دەکرێتە ئامانج، هەروەها لەلایەن راوچیەکانیشەوە بە تفەنگ و
تانجی ڕاو دەکری.
شووێنی ژیان و
نیشتە جێ بونی کەرویشک:
بە شیوەیەکی گشتی کەروێشکی کێوی لە
کون و ژێر زەویدا ئەژی ئەو کونانە خۆیان دروستی دەکەن ،بەزۆری بڵاون لە دەشتو دەرو
شاخەکاندا،دارستانەکاند ،بیابانەکان،هێلانەو کونەکانیان هەر لەوێ دروست دەکەن، کونەکان بۆ چەندین کەناڵ و کەلەبەر دابەش دەبن و
چەندین دەرچەیان هەیە تاکو لەکاتی ترس و
هەڕەشە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەهێرشی مار و هەڵۆکان. بەلام کەروێشکی ماڵی بەئاسایی لەناو کولانەو جێگای تایبەتی خۆیان دەژین.کەروێشک بەشیوەی
کۆمەڵ دەژین(گەلە کەروێشک) ، دەڵێن ئەسڵی
کەروێشک لە باکوری کەرتی ئاسیا بوە ئینجا بلاو بۆتەوە بۆ تەواوی کەرتی ئاسیاو
ئەفریقا، دواتر براوە بۆ ئەوروپا، پاشان ئینگلیزەکان بردویانە بۆ ئوسترالیا، بەهۆی
زۆربونی خێراوە لە ئوسترالیا زیانی زۆریان
بەکێڵگە کشتوکاڵیەکان گەیاند،لەم دوایەدا لە ئەوروپاو ئاسایاوە گەیشتە کەرتی ئەمریکا ی باکور ،لەئیستادا
ژمارەیەکی زۆرو زەبەند کەروێشکی لێیە، بەلام بەشی خواروەی کەرتی ئەمریکای باشور
کەروێشکی تیا نیە،هەندێ سەرچاوەش دەلێن
ئەسڵی کەروێشکی ماڵی لە ئیسپانیاو پورتوگالەوە بڵاو بۆتەوە بە جیهاندا ،دەگوترێ لە سەدەی
شانزەهەمەوە بەخیو کردنو ماڵی کردنی کەروێشک دەستی پێ کردووە.
زانیاری لەسەر
ژیانی کەروێشک:
نێرەی کەروێشک پێ دوەوترێ ( buck ) هەروەها بە مێ
کەی دەوترێ (doe )و کەروێشکی
گەنج پێ دەوترێ (kit,kitten )، (کەروێشک،ارنب،خرگوش،هەوریشە،bunny =rabbit )
کەروێشک جەندین ڕەنگی هەیە (
سپی،خاکی،خۆلە مێشی ،ڕەش ،،ڕەش و سپی، بەڵەک ،خورمایی)
کەرویشک چوار پەلی هەیە، هەردوو
پەلی دواوە(قاچ) گەورەو بەهێزترن لە
هەردوو پەلی پێشەوە(دەست)، وەک ئاژەلەکانی تر لە سەر چوار پەل ڕێناکات
،بەڵکو هیزی ڕۆشتنی دەخاتە سەر دوپەلی دواوە، هەردو پەلی پێشەوەی یارمەتی دەر دەبن
بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەکاتی ڕۆیشتن و راکردندا ،بۆیە لەکاتی راکردندا دەتوانێ بازی زۆر گەورە بدات و بەخێرایی 30 کم
لەکاتژمێریکدا بڕوات و خۆی لە دوژمەنکانی
قوتار بکات .
دووگوێی دریژی هەیە،کە نیشانەی بەهێزی هەستەوەری
بیستنە،واتە تا گوێچکەی گەورەتر بێ هەستی بیستنی زیاترە، ددانەکانی پێشەوەی گەورەو بەهیزو زۆر تیژن بۆ
قرتاندنی گیا و سەوزی و میوە و ئەو خۆراکانەی کە
دەیان خوات، هەندێ جار بە ئاژەڵی قرتێنەر ئەژمار دەکرێ بەلام کەروێشک چوار ددانی بڕەری هەیە لەکاکیلەی
سەرەوە کە دووانی پێشەوە زۆر گەورەن و
دوانی دواوە بچوکترن لێوی سەروەی هەڵقڵێشاو دەرئەکەوێ ، لەکاتیکدا ئاژەلە قرتێنەرەکان تەنیا دوو ددانی قرتێنەریان هەیە
(مشک،جرج،،،هتد) ،هەروەها هەستی بۆنکردنیشی زۆر بەهێزە، بەلام هەستی بینین ی
لاوازە، بەشیوەیەکی گشتی کەروێشک گیا و
سەوزی و میوە ،گەنم ،جۆ،نانە ڕەق،شەوەر و یۆنجە،گێزەر
هەندێ جۆری تری گیا دەخوات.
کەروێشکی کێوی پێ گەیشتوو نزیکەی
(20-50 ) سم درێژە، کێشی زیاترە(1-2.5
)کگم ، کەروێشکی مێنگە کێشی قورسترە تا
نێرەکەی، هەندێ جۆری کەروێشک هەیە
کێشی دەگاتە 7 -12 کگم،کەروێشک نزیکەی 9 ساڵ یان زیاتر دەژی ،ئەگەر لەلایەن
دوژمنەکانیەوە راو نەکرێ، کەروێش زۆر جار دەبێتە هۆی زیان بە کێڵگەکانی کشتوکاڵ
بەهۆی خواردنی سەوزەو میوەی کێڵگەکە(کاڵەک،ترۆزی،خەیار..هتد).
کەروێشک لە هەڵبەزین و دابەزین بە
شاخدا سستە، بەلام لە دەشتایدا زۆر خێراو چالاکە، کاتێ دەخەوێ چاوی کراوەیە ، پلەی
گەرمی لەشی (37-39.4) ،تێکڕا 38.3 پلەی سەدیە.
کەروێشک دوجۆر (پاشەڕۆ)
دەکات،یەکەم پشقل و دوەمیش پیسیەکی شلە و
لەلایەن خۆیەوە دەخورێتەوە، ئەم پاشەڕۆیە بەیانیان زوو یان ئێواران دەیکات و
بەزمان دەی لێسێتەوە کاتێ لە کۆمی دێتە
دەرەوە واتە نا کەوێتە سەر ئەرز، بەسەرچاوەیەکی گرنگی ڤیتامین دائەنرێ بۆ خودی
خۆیی،کەرویشک لەکاتی ئەزیەت دان بۆ
خۆپاراستن چرنوک و قەپ دەگرێ و دەزریکێنێ.
زاوزێ:
کەروێشک یەکێکە لەو گیانەوەرانەی
کە فرەزێ یە واتە بەیەک سک چەندین بەچکەی دەبێت ، و
لەساڵێکدا چەندین جار زاوزێ دەکات، کەروێشکی واهەیە (8) جار دەزێ لە ساڵێکدا، دەتوانێ شیر بدات و ئاوسیش بێ لەهەمان کاتدا ، (توانای زاوزێ کردن
لەکەروێشکدا زۆر زۆرە ،بەمەش لە ئاژەلە
شیردەرکانی تری جیا دەکریتەوە، لەدوای 6-10 کاتژمێر بێچودان دەگەڕێتەوە باری
ئاسایی) ،هەرجارەی لانی کەم (3-12) بەچکەی
دەبێت، کەروێشکی واش هیە 20 بەچکەی دەبێت ، بەڵام کەرویشکی کیوی (1-4 ) بەچکە دەکات، ئەگەر وشکەساڵی و بێ بارانی
بێت،بەلام ئەگەر سالەکەی خۆش بێت زیاتر بەچکە دەکات.
ماوەی ئاوسی لەکەروێشکدا (28-34) ڕۆژە، بێچوەکان بچکۆلەو بێ
توکن و نابینان،چاویان نابینێ، نزیکەی (50-55) گرام دەبن، لە ماوەی 6-7 ڕۆژ توک دەرئەکەن و لە دوای 10 ڕۆژ دەبینن ،واتە گەشەیان خێرایە ، دایکەکەیان بەشیر بەخێویان دەکات دەیان پارێزێ
تاماوەی 35-40 ڕۆژ بەبێ هیچ ئەرکێک
لەسەر خاوەنەکەی ،لە مانگی دوەمدا
دەتوانن لە هێلانەکەیان بچنەدەروە
خۆیان هەوڵی خواردن و خواردنەوە بدەن، هەروەها
لە مانگی سێهەمدا دەتوانین کوتانی ڤاکسینیان بۆ بکرێ تا لە نەخۆشی بیان پارێزی،
پاش 2-3 مانگ گەورە دەبن و نێرەکان
دەتوانن پێ بگەن لەروی ڕەگەزیەوە هەندێ جۆری کەروێشک لە (9 -12 ) مانگ پێ دەگەن و لەگەڵ مێنگەکان جوت ببن و وەرزی
زاوزیان دەس پێ بکات، یەک کەروێشکی نێرە بەشی (5-10) کەروێشکی مێنگە دەکات بۆ
پەڕین و زاوزێ ، لەماوەی 7-10 ڕۆژ پەڕین وکاتی جوت بون بەردەوام دەبێت،ئەگەر نێرەی
نەبوو دوڕۆژ زەوقی
نامێنێ و هەمدیسان دەس پێ دەکاتەوە ،کەرویشک لەساڵێکدا بەلانی کەم (35-40 )
بەچکەدەکات هەندێ جۆریش هەیە 48-54 بەچکە دەکا، لەکاتێکدا مەرو و مانگا (1-1.4) بەچکەیان دەبی، بۆیە دەتوانین
بلێین مێنگەی کەرویش (20-25) ئەوەندەی کێشی خۆی گۆشت بەرهەم دەهێنێ
لە ساڵێکدا.
دایکانەی کەرویشک ماوەی (30-45)
ڕۆژ شیر ئەدات بە بێچوەکانی،ئەویش بەیانیان زوو،دواتر دەگەرێ خواردن دەخوات ،
ئەگەر دایکانە بمرێ ئەوا پێوستە خاوەنەکەی خواردنی تایبەت بۆ بەچکەکان ئامدە
بکات بەم شێوەیە ( 240 مل شیری مانگا+یەک
زەردێنەی هێلکە+ 5مل هەنگوین+5 مل مڵتی ڤیتامین ) پێکە تێکەڵ دەکرێ و تا
گیراوەیەکی چون یەک دەرئەچێ و ڕۆژانە جارێ یان دوجار پیان ئەدری.
دەتوانین جۆری ڕەگەزی کەرویشک (نێر
و مێ ) لەتەمەنی یەک هەفتە بەدواوە دیاری بکرێ،ئەویش بەهەڵگرتنی کەرویشکەکە دەستی
چەپ لەسەر سنگی و دەستی راست لەپەلەکانی
داوە هەڵی دەگێڕینەوە ئینجا هەردو پەنجە دەبەین بۆ ژێر کلکی ،بەپەنجە
دەگەرێن لەژێر کلک و کۆمیەوە ،ئەگەر نێرە بێت
بەرزایەک دەردەکەوێ و ئەگەر مێنگەبێت وەک درزێک دەرئەکەوێ.
تەنیا جیاوازی لەنێوان کەروێشکی
کێوی و ماڵی ئەوەیە ( بێچوی کەروێشکی کیوی کە لەدایک دەبن توکیان هەیەوە ئەبینن) کە لەکەروێشکی ماڵیدا پێچەوانەیە ( بێ
توک و نابینان)
کەروێشک لە کەلتورە جیاوازەکانی مرۆڤدا:
کەروێشک بەهۆی خۆشەویستی و
جوانیەکەی لەلایەن مناڵانەوە دەیان چیرۆک
و فلیم کارتۆن ی لەسەر دروست کراوە،هەروها ئەگەر کەسێک یان بنەمالەیەک مناڵی
زۆریان بێت ،دەوترێ ئەوە چیە ئەلێی کەروێشکن ئەوەندە زۆرن. گۆشتی کەروێشک لە
ئاینی جولەکەدا خواردنی حەرام کراوە،گوایە دەڵێن ئەمە
گیانەوەرێکی کاوێژکەری درۆزنە تەنها دەمی
دەجوڵێنێت واتە وەک مانگا و مەڕ کاوێژ ناکات ، پاشەڕۆکەی خۆی دەخوات وەک سەرچاوەیەکی
دروستکردنی ڤیتامین دی و هەروەها ئاژەڵی دووسم نیە وەک مانگا و مەڕ و کاوێژکەرکانی تر بەڵکو
چڕنوکی هەیە.
هەروەها ئاشکرایە کە هەڵگرانی مەزهەبی شیعە گۆشتی کەروێشک
ناخۆن، بەهۆکاری ئەوەی دەلێن گوایە سوڕی
مانگانەی(حیض) هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەروێشک بەردەوام سک و زا دەکات ، گەلێ
هۆرمۆن بەشداری دەکات لە سک پڕی و زاین ،بە شیوەی زانستی ئیسپات نەبوە کە کەروێشک
سوڕی مانگانە واتە (حیض) و خوێن ی هەبێت ئەوەندەی من ئاگادار بم خەڵکی
کوردستان بەشیوەیەکی فراوان گۆشتی کەرویشک دەخۆن.
مەرجی پێوست بۆ راگیرکردن و بەخێوکردنی کەروێشک :
کەروێشک وەک هەر ئاژەلێکی ماڵی کە راگیردەکرێ، بەپێی
پوست و زۆری و کەمی کولانە یان هۆڵ ی بۆ دروست دەکرێ، ئەوە پیوستە لێردە چەند
خاڵێک ئاماژە پێ دەکەین وەک بنەما بۆ راگیرکردن و بەخێو کردنی کەرویشک یان
قەلەوکردنی بۆ مەبەستی گۆشت و بواری ئابوری:
1.
شێوازی
دروستکردنی کولانەکە یان ژورەکەیان دەبێ زۆر باش بێت تا لەگەرماو سەرما پاریزراو بن، هەروەها
لەوەرزی سەرمادا ئاوی باران نەچێتە
کولانەکەیان و دڵؤپە نەکات،بەهەمان شیوە لەهاویندا نابێت تیشکی خۆرو گەرمایان زۆر
بێت ،واتە لەزستاندا کولانەی گەرم وگوڕ و
لەهاویندا سێبەر بێت )
2.
دابین
کردنی هەواگۆڕکێ(تهویە ) لە شوینی بەخێوکردنەکەیان تاکو بەئاسانی گازی دوەم
ئۆکسیدی کاربۆن و ئامۆنیا بچێتە دەروە و
تەڕی و شێداری شوێنەکە نەهێلی.
3.
دابین کردنی
ڕۆشنایی پێوسیت لە هەموو وەرزەکانی سال،چ سروشتی بێت یان بەهۆی گڵؤپەوە بێت،ڕۆژانە
دەبێت لانی کەم 14 کاتژمێر ڕووناکی هەبێت
4.
پاراستنی
کەروێشک لە دوژمنە سروشتیەکانی وەک ( مشک
و جرج، ڕێوی،چەقەڵ،گورگ، سەگ،پشیلە،هەڵۆ ....هتد)
5.
پارستنی
لەدزی لەلایەن مرۆڤەووە
6. هەندێک دەنگۆ هەیە دەلێت نابێ
گیای مەعدەنوس بدرێ بەکەروێش جونکە
دەیکوژێت ،هەندێکیش ڕەتی دەکەنەوە،گوایە
ئەگەر بەتەڕی بیخوات کاریگەری خراپی هەیە ،بەلام بەووشکی هیچ کاریگەری نیە،
گوایە پەنکریاسی لاوازە و توانای دەردانی ئەو جۆرەمادەیەی نیە کە مەعدەنوس هەرس بکات
7.
بەردەوام
ڕاگرتنی پاکو تەمیزی شوێنی بەخێوکردنەکەیان
8.
دابین
کردنی ئاوی پاکو خواردنی پاک
9. دابینکردنی شوێنێکی تایبەتی هێمن و ئارام بۆ
دایکانە و بەچکەکانی،تاکو نێرەکان نەتوانن ئازاری دایکانەکان بدەن لە ماوەی
شیرداندا
10.
ئەگەر
کەروێشکەکان لە قەفەسدا بەخێو بکرێن پێوست دەکات لەژێریەوە حەوزیکی لەوح دابنرێ تا
پاشەڕۆکەیان کۆبکرێتەوە و بەئاسانی فڕێ
بدرێ و پاکو تەمیزیان رابگیرێ
11.
ڤاکسین
کردنی ساڵانە ی کەروێشکەکان
12.
چاودێری
کردنی ددانی کەروێشکەکان، ئەگەر ددانەکانی خراپ بون پیوست بە چارەسەورو سەربڕینە
یان فرۆشتنە
13.
پیوست دەکات
زوزو کەروێشکە نێرەکان بگۆڕین ، دوای 2-3 مانگ
لە پەڕین ، تاکو توانای وەچە خستنەوەیان بەهێز بێت.
شێوازی کولانەو
شووێنی کەروێشکەکان:
وەک زانراوە کەرویشک لە گوندەکان
زۆرتر گرنگی پێ ئەدرێ،یان هەندێ ماڵ لەشارەکان ،لەسەر بان کولانەی بۆ دروست دەکرێ،
باوترین شێوازی شووێنی کەروێشک لە نێو
سیاج و تەلبەندایە،کولانەی دارین بۆ کەروێشکی نێرو مێ بەجیا دروست دەکرێ ئینجا بۆ
بەچکەکان، درێژی کولانەکە یان قەفەزەکە(1-1.5 ) مەتر و پانیەکەی (50-70) سم و بەرزیەکەی (50-60) سم. وەک لەسەرەوە پێشتر
باسمان لە زاوزێ کەرویشک کردوە لە تەمەنی
5 مانگیدا دەتوانی پێ بگات و ئاوس ببی، کەزانرا کەرویشکەکە ئاوسە خاوەنەکەی
کا یان پوش دەخاتە کولانەکەی تا
سودی لێ ببینێ بۆ دروست کردنی هێلانە لەگەڵ ڕوتاندنەوەی توکی ژێر سکی تاکو
هێلانەکەی نەرمێ بۆ بەچکەکانی، دەکرێ کولانە یان قەفەسی بجوکتر دروست بکرێ بۆ کاتی
زاین،پلەی گەرمی شووێنەکەیان دەبێت لەسنوری 16-22 پلەی سەدی بێت زۆر گونجاوە،
هەڵبەت کەروێشکە لەپلەی گەرمی (4-27)
بەرگە دەگرێت لەوە کەمتر یان زیاتر
کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و تەندروستی
هەڵبژاردنی جۆری کەروێشک بۆ مەبەستی بەخیوکردن و سود وەرگرتن
لە بەرهەمەکانی
کاتێ پرۆژەیەکی بەخیوکردنی
کەروێشکمان هەبێت بۆ مەبستی گۆشت یان فەروەکەی
دەبێت هەوڵ بدەین جۆرێکی گونجاو
هەڵبژێرین :
یەکەم: هەڵبژاردنی کەروێشکی گۆشت ،لەو
ڕەگەزانەی کە بەمەبەستی بەرهەمی گۆشت
بەخیو دەکرێن واتا لەماوەیەکی دیاری کراودا کێشی گونجاو ئەدەن ، ، وەک جۆری
فلاندەر کە ڕەنگی خۆلە مێشیە و کێشی تا
6-7 کگم زیاتردەبێت،لە بەشی جۆری
کەروێشکدا باس لەگەلێ جۆر دەکەین کە بۆ مەبەستی گۆشت بەخێو دەکرێن.
دوەم: هەڵبژاردنی کەرویشکی توکن
(فەروە): باشترین کەروێشك بۆ مەبەستی فەروەکەی جۆری ئەنگۆرایە کە توکی درێژو
نەرمەو هەمەڕەنگە،پاش چاککردنی پێستەکەی
لەگەڵ جلوبەرگی تردا بەکار دەبری، هەروەها
دەتوانرێ لە جۆرەکانی تری کەروێشک کە توکیان نەرمو درێژ بێت سود وەربگیرێ.
خواردنی کەرویشک:
کەرویشکی کێوی جۆرەها گیا دەخوات، سەوزەو میوە،بەلام کەروێشکی ماڵی
یان ئەوانەی لە کێڵگە و شوێنی تایبەت بەخێو دەکرێن بەمەبەستی قەلەو کردن و
گۆشت پیوستیان بە خواردنی زیاترە لە جۆر و
بڕدا وەک ( گیا،یۆنجە،گێزەر،ترۆزی خەیار،زرک ،گەنم و جۆ و نانە ڕەق وچەندین جۆری
تری دانەوێڵە ) بۆیە ئاڵفی تایبەت ئامادە
کراوە بۆ بەخیوکردنیان کە رێژەی پرۆتین دەبێ
٪16 بێت ، هەروەها ڕێژەکان
گۆڕانکاری بەسەردا دێت ،نمونە لەکاتی قەلەوکردنی کەرویشک دەبێ ڕێژەی پرۆتین
٪18 بی، بۆ کەروێشکی ئاوس ٪16-٪18 بێت، بۆ کەروێشکی نێرە ٪18 پرۆتینە،بۆ مێنگەی
ئاسایی ٪14 .... ئینجا ڕێژەی چەوری لە ئاڵفەکە دا بۆ هەموو بارەکان دەبێ (٪2-٪3.5
) بێ، هەروەها بۆ هەموو بارەکان ڕیژەی ڕیشاڵ (٪10-٪14 ). ڕۆژانە دوجار خواردن دائەکرێ بۆ کەروێشک
بەیانیان خورادنی جۆری هاراوەی
دانەوێلە و نانەڕەق ،بە نیوەڕوان دەکرێ گیای سەوزو یۆنجە و توێکڵی
پەتاتەو گێزەرو ..هتد ، دەبێ بەڕێژەی 50
گرام خواردن بۆ یەک کیلۆ کێشی کەرویش ڕۆژانە
دابین بکرێ ،شوێنی ئاوخواردن دەبێت خۆدکار بێ تاکو ئاوە کە پیس نەبێ.
گۆشتی کەروێشک :
گۆشتی کەروێشک سوری کاڵ مەیلەو سپی
و ناسک و پڕ مادەی خۆراکیە( بەگۆشتی سور ئەژمار ناکرێ) ،ڕێژەی پرۆتینی ٪20-٪21
ە، ڕێژەی چەوری ٪8.5 ، و کاربۆهیدرات ٪5
و خۆڵەمێش ٪5.1 و چەوری کۆلیسترۆڵی
زۆر نزمە بۆیە کەسانی گەورە و بەتەمەن
دەتوانن بێ ترس بیخۆن، ڕێژەی خوێی کانزایی تەواوی تیدایە،ڕێشاڵی کەم و ناسکە و بەئاسانی هەرس دەکری،لەدوای کوڵاندن ڕەنگی گۆشتەکەی سپی دەبێت وەک گۆشتی مریشک،
باشترە ئەو کەروێشکانە بەکار بێن بۆ سەربڕین و خواردن کە تەمەنیان لە (6-9) مانگ
بێ،،یان لەسالێک زیاتر تێ نەپەڕێ.
مرۆڤ دەتوانێ سود لە گۆشتی کەروێشک
ببینێ وەک سەرچاوەیەکی پرۆتین شان بەشانی
گۆشتی مریشک و مەڕو مانگا،چونکە ڕێژەی پرۆتین لەگۆشتی کەرویشک ئەگەر زیاتر نەبێ
کەمتر نیە لەوانی تر، هەروەها دەکرێ بە تێچونێکی کەمتر و بە نرخێکی هەرزانتر ئەو
گۆشتە بەرهەم بهێنرێت .
وەک وتمان ئەو جۆرە چەوریەی لە
گۆشتی کەروێشکدایە سوکە (ناتێڕە) کاردەگات
بۆ گۆڕینی چەوری تێر لەجگەردا بۆچەوری سوک ، هەرووەها ترشی لانۆلینک ی
تیدایە،لەگەڵ بڕێکی باش لە کالسیۆم و ئاسن، لەکاتی هەڵگرتنی گۆشتی کەرویشک لە بەفرەگرەدا
هەندێ جار ئەو چەوریەی کە لەناوسکیدایە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ مەیلەو زەرد بەهۆی بونی
ترشەچەوری لانۆلینک ، بۆیە ڕێنمای دەکرێ کە لە ژەمەکانی خۆراکدا گۆشتی کەروێشک
بخورێ لەبەر ئەم سودانە:
·
ڕێنمایی
دەکرێ کە ئافرەتی سک پڕ گۆشتی کەروێشک بخوات بەتایبەت لە نیوەی دوەمی سک پڕیدا
چونکە هەرسکردنی سوک و ئاسانە، هەروەها گەدەی ئافرەت لەو کاتەدا پەستانی لەسەرە
بچوک دەبێتەوە.
·
بەهەمان
شێوە پێوستە مناڵیش گۆشتی کەروێشک بخوات،چونە ناسکە و بەئاسانی دەجوێت و هەرس دەکرێ،وەک
پێشتر باسمان کردوە بۆ کەسانی بەتەمنیش گرنگە ،
لەئیستادا لە زۆرێک لەولاتانی
ئەوروپا سود لە گۆشتی کەرویشک دەبینن (کێوی+ماڵی ) و بە خێوی دەکەن ، ساڵانە
لەئەمریکا بڕی 20 ملیۆن کیلۆ گۆشت دەخورێ،
بۆیە بەهیوام لە کوردستانیش بەشیوازی زانستی گرنگی بدرێ بە بەخیوکردنی کەرویشک تا
وەک سەرچاوەیەکی گۆشت سودی لێ وەربگرین.
جۆرەکانی کەروێشک:
زیاتر لە 40 جۆری کەروێشک لە
جیهاندا هەیە وەک کەرویشکی گۆشت،کەرویشکی
جوانی بەپێ توانا ناوی ئەمانەیان دەنوسین:
1.
کەوێشکی
ئەمریکی American rabbit یان ( کەروێشکی کالیفۆڕنیا ) لە ساڵی 1917
بەدواوە لە خواروی کالیفۆرنیا دۆزراوەتەوە، ڕەنگی کەوە (خۆلەمێشی ) و سپی هەروەها
گوێ و لوت و قاچ ڕەشی هەیە دەرکەوتوە کە پڕ بەرهەمە، لەماوەی هەشت مانگ تەمەندا کێشی نێرەکەیان دەگاتە (6-7) کیلۆ، مێنگە (7-8)
کگم گۆشتی سافی.
2.
کەروێشکی
ئەمریکی لێڵ و گوێ شۆڕ American fuzzy lop rabbit ئەم جۆرە چەندین ڕەنگی هەیە (سپی،سپی بەڵەک، شین،
خاکی،بۆر،خورمایی ...نۆزدە ڕەنگی هەیە) ناوبانگی باشی پەیداکردوە لەناو خەڵکدا زۆر
بەخیو دەکرێ بەهۆی کەم جوڵەو سستیەوە و جوانی ڕەنگەکانی، نێرە لە ماوەی شەش مانگی
تەمەندا کێشی دەگاتە (2.5) کگم،
مێةگە (3) کگم...تەنیا
بۆ مەبەستی فەروەکەی بەخێو دەکرێ،بەلام موەکەی لە هی کەرویشکی ئەنگۆرا کورت ترە.
3.
کەروێشکی
ئەنگۆرا angora rabbit ئەسڵ تورکیە، قەبارەی
بچوک و مامناوەندە(3-4)کگ ، ڕەنگی سپیە، زۆر جوانە ،توکەکەی زۆر نەرمو شلە، لەبەر
جوانی لە پێشبڕکێکاندا بەکار دەهینرێ،
چەندین جۆری هەیە (ئینگلیزی و فەرەنسی،ئەمریکی،ئەڵمانی
، چینی)،سالانە چوار جار توکەکەی لێ دەکرێتەوە ،واتە تەنها کەروێشکە کە برینگە دەکرێ بۆ فەروەکەی.
4.
کەروێشکی
بیڤیرین beveren rabbit کێشی 4-5 کگم ە، و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناژی،ڕەنگی
سپی ،کەوە ،ڕەش ە ،بۆ مەبەستی گۆشت و فەروەکەی بەخیو دەکرێ، ئەسڵی لەناوچەی بیڤیرن
ی بەلجیکایە.
5.
کەروێشکی
هۆتۆت hotot rabbit جوانترین و قەشنگترین جۆری کەروێشکە ،قەبارەی بچوکە،(3-4.5 ) کگم
دەوروبەری چاوەکانی ڕەشە وەک کلڕیژ کرابن وایە،چەندین جۆری هەیە،هەمەڕەنگ و گوێ
بچوکە ،بەلام بەشێوەیەکی گشتی لەیەک دەچن،لەئەسڵدا فەرنسیە.
6.
کەروێشکی
بەریتانی بچوک Britannia petite rabbit
لەئەسڵدا پۆلەندیە و گرانترین بە بەهاترین کەروێشکە ،چەندین ڕەنگی
هەیە(ڕەش،خۆڵەمێشی،خاکی ،بۆر)،چاویان سورو قاوەییە.
7.
کەروێشکی
چنچیلا chinchilla rabbit کەروێشکێکی زیرەکە و
حەزدەکات لە گەڵ خاوەنەکەی بێت، قەبارەی گەوریە ،سێ جۆری هەیە
،(چنچیلای ئەمریکی، چنچیلای ئاسایی،چنچیلای گەورە ) (5-8) کگم دەبێت و ڕەنگەکانیشی جوانن خۆلەمێشی و مەیلەو شینە،
چنچیلای گەورە لەئەنجامی لێکدانی چنچیلای
ئاسایی و کەروێشکی فلامیش گەورە( gaint Flemish ) لێکدراوە نەوەیەکی نوێ زۆر گەورەی لێ بەرهەم هاتوە بە
ناوی چیچیلای گەورە،کە بۆ مەبەستی گۆشتە
8.
کەروێشکی
هۆڵەندی dutch rabbit
لەسەر خۆ و ڕەنگی جوانە،لوت و قاچەکانی سپیە، سەرو گوێچکەو لەشی ڕەش،شین،خاکی،خۆڵە مێشی،خورمایی...هتد،کێشی مام
ناوەندە (1.5-4.5 )
9.
کەروێشکی
هارلی کوین هوتچ harlequin hutch ئەسڵ فەرەنسیە (2-4) کگم ،بەخێو دەکرێ وەک کەروێشکی جوانی ،گوێ قوت و ڕەنگی فەروەکەی هەمەڕەنگە،ڕەش و
خاکی، سپی و قاوەیی، ڕەش و سپی، ڕەنگەکان
وەک ئەڵقە بەدەوری کەشیدا لولی خواردوە.
10.
کەروێشکی فلێمش گەورە( Flemish gaint rabbit) یان فلاندەر (flander) : ڕەنگی خۆڵە مێشیە ،ژێرسکی سپیە،چاوی
هەنگوینیە هەروەها ڕەنگی سپی و قاوەیی و
مەیلەو بۆری هەیە، سەری پانە و گوێی درێژە ،بە 8 مانگی پێدەگات (جنسی) و لەیەکساڵی
دا کێشی تەوا ئەدات (8-12) کگم ،ئەسڵ لەناوچەی فلاندەری باکوری بەلجیکایە،یەکێکە لە
کەروێشکە گەورەکان کە بۆمەبەستی گۆشت و فەرو
بەخیو دەکرێ
11.
کەرویشکی
نیوزلەندی (new Zealand rabbit ): سەرەڕای ناوەکەی
لەئەسڵدا ئەمریکیەو لە کالیفۆرنیاوە هاتوە
لە نیوزلەندا بەخیو ەدەکرێ، کێشی (4.5-6.5) کگم،سەری لاکێشەیی و گوێ کورتە،ڕەنگی
سپی و چاوسورە، قاوەیی خورمایی(سور) و
ڕەش ی هەیە، بۆ مەبەستی گۆشت و تاقیگە بەکار دەهێنرێ.
12.
کەروێشکی
گوێ شۆڕی ئینگلیزی English
lop rabbit ،گوێی شۆڕ بۆتەوە ،کێشی نزیکەی 5 کگم
دەبێت،بۆ کاری زاوزێ و وەچە خستنەوە بەکار
دەبرێ بە لێکدانی لەجۆرەکانی تری کەرویشک(تهجین)،لەساڵیکدا نزیکە 48 بەچکە
دەکات،ئەسلێ ئینگلیزیە،یەکەم کەروێشکی گوێ شۆڕ بوە کە مرۆڤ بەخێوی کردوە،
هەمەڕەنگە.
13.
کەروێشکی
نیو کالیفۆرنیا new California : لەئەنجامی لێکدانی کەروێشکی نیوزلەندی و
کالیفۆرنیای ئەسڵ(ئەمریکی) پەیدا بوە بەمەبەستی کێشی زیاتر،هەمان رەنگی کەروێشکی
کالیفۆرنیای هەیە بەلام لوت و گوێ و کلک و
قاجەکانی ڕەشە،توانای زاوزێ زۆرە لەساڵێکدا 48 بەچکە ئەکات
14.
کەروێشکی
ئینگلیزی خاڵدار (English
spot ) (
بابیۆن): کێشی مامناوەندە (3-5) کگم نزیکەی حەوت ڕينگی هەیە ( ڕەش
،سپی،بەلەک،قاوەیی،خورمایی ،خۆلەمێشی بۆڕ ) لەگەڵ بونی خاڵ لەگەڵ هەمو ڕەنگەکان لە
دەوری چاو و لوت و گوێچکەی ڕەنگی ڕەش ،خاکی،شین هەیە،لەگەڵ خەتێک بەهەمان
ڕەنگ لەسەر پشتی ،ئەم جۆرە کەوروێشکە
لێکنادرێ لەگەڵ جۆرەکانی تر،لەساڵێکدا 54
بەچکە دەکات.
15.
کەرویشکی
پۆلەندی( polish rabbit ) : لەئەسڵدا ئینگلیزیە نەک پۆلەندی،
کەروێشکێکی بچکۆلەیە (قەزەم) نزیکەی (1-1.5 )کگم دەبێت ،ڕەنگەکانی جیاواز و سەرنج
ڕاکێشن،سپیەکەی زۆر پاکو جوانە هەندێ ڕەنگی مەیلکەو زەرد و ڕەش هەیە،چاوی سورو شینە، بەتایبەت جۆرە ئەمریکیەکەی، گوێچکەی بچوکە.
16.
کەرویشکی
هیمالایا: قەبارەی بچوکە (2-2.5 )کگم،سپیە ،خاڵی ڕەش ،قاوەیی،سور،خۆلەمیشی لە
دەوری دەمو گوێچکەی هەیە،بۆ مەبەستی گۆشت و فەروەکەی بەخێو دەکرێ،هەندێ جار لەگەڵ نیوکالیفۆرنیا
لەیەک جیا ناکرێنەوە.
17.
کەروێشکی
ئەرجینت (argente rabbit ): کەروێشکێکی بچوکە ڕەنگی سپی و خۆلەمێشی ،کرێمی ،سوری هەیە (3-4)
کگم، چوار جۆری هەیە (ارجینت کامپیجن
(ڕەنگی شەمپانیا)،ارجینت کریمی،ارجینت کەوە(خۆلەمێشی) ،ارجێنت براون واتە قاوەی کاڵ یان خورمایی.
18.
کەروێشکی
گەورەی ئینگلیزی٠british gaint
rabbit ) :
کێشی(6-7) کگم، بەمەبسەتی گۆشت و فەروە بەخێو دەکرێ، لە کەروێشکی فلاندەر
کەمێ بچوکترە .لەئەسڵدا لە بەلجیکاوە هاتوە بۆ ئێرە و پەروەردە کراوە
،ڕەنگی خۆلەمێشیەکی زیویە.
19.
کەروێشکی
ئەڵمانی( Germany
rabbit ):
یان کەرویشکی هێرمان، لە کەروێشکی فلاندەر دەچێ
و زۆر گەورەیە ، 48 بەچکە دەکات لەساڵێکدا، لە تەمەنی 6 مانگیدا پێ دەگات
،کێشی(7-8) هەمەڕەنگە،سەری خڕ و گوێی
درێژە،بۆمەبەستی گۆشت بەخێو دەکرێ
20.
کەروێشکی
بەلجیکی کێوی
( Belgian hare rabbit ) : 6 کگم دەبێت، ڕەنگی
زەردی ئاڵتونیە، ژێر سکی و دەوری چاو گوێ سپیە،بەرگەی ئاوهەوای گەرم دەگرێت،لەساڵێکدا 48 بەچکە دەکات،لەشی
درێژەو پشتی دەچەمێتەوە،لەئەسڵدا کێوی بوە و
دواتر ماڵی کراوە و چەندین ڕەنگی تری لێ پەیدا بوە.
21.
کەروێشکی
روک:(roky rabbit )
یان (rock hyrax )
واتە کەروێشکی بەردەلڵان،کێشی 4 کگم،چەندی جۆری هەیە،ڕەنگەکانیشی جوانە،فەروەی ئەم
کەروێشکە گرانترینە لەجیهاندا، گوێ کورتە ،لە شوێنە شاخاویەکانی ئاسیا،ڕۆژئاوای
ئەمریکا ،ڕۆژهەڵاتیئەفریکا دەژی.
22.
کەروێشکی
ئالتان( altan rabbit ):
کێشی 3 کگم، هەمەڕەنگە، قاوەیی
،ڕەش ،بۆر، ژێر سکی خاکیە،لەساڵیکدا 35 بەچکە دەکات.
23.
کەروێشکی
هاڤانا( Havana rabbit ): کێشی 3-4 کگم ە، جەند ڕەنگێکی هەیە ( خاکی تۆخ
یان چوکلێتی، ڕەش،خۆلە مێشی ،بۆر).
24.
کەرویشکی
سیمنوار: ڕەنگی ڕەشی بریقەدارە ،4 کگم دەبێت،لەسالێکدا 55 بەچکە دەکات،راهاتوە بە
کەش و هەوای میسر.
25.
کەروێشکی
بۆکسات: ڕەنگی سپی و چاوی سورە،لەئەسڵدا فەرەنسیە،سەری گەورەو گوێی دریژە،(5.6)
کگم دەبێ.
هەروەها چەندین جۆری تری کەرویشک هەیە ،بەلام ئیتر بە
پێوستم نەزانی لێرەدا باسیان بکەم
ئەم
کەروێشکانە لەلایەن (کۆمەڵەی کەروێشکناسانی ئەمریکا American rabbit breeders association ) و (نوێنەرایەتی کەروێشکی بەریتانیەوە british rabbit council) ناسێنراون
مامەڵە و هەڵسو کەوت
لەگەڵ کەروێشک:
بۆ ئەوەی کەروێشک لەگەڵمان ئاسودە
بێت و نەترسێ پیوستە زۆر بەنەرم و نیانی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین،بەدەنگی نزم و
لەسەر خۆ بیدوێنین، دەست بهێنین بەپشتیدا بەئاراستەی راستەوانەی فەروەکەی ،نەک بە پێچەوانەوە گژی بکەین، هەرگیز
نابێت بە گوێچکە هەڵی بگرین،جونکە ئازاری
ئەدات، دەبێت دەستێک بخەینە ژێر سنگی و دەستەکەی تری لەدواوە پاڵپشتی بکەین
بەهەردوقاچیەوە ، هەندێ جار کەروێشکی بەتەمەن گەورەیە دەتوانین بەشێوازێکی تر بیگرین بەدەستەوە ئەویش بەگرتنی پێستی ناوشان بەدەستێک و دەستەکەی ترمان بخەینە ژێر هەردو
ئەژنۆو رانی... بەلام ئەگەر ویستمان کەروێشک لە شوێنێکەوە بگوازینەوە بۆشوێنێکی
تر واتە بۆشوێنێکی دوور ئەوا پێوست
بە سندوقێکی بچوک و تاریک یان مقەبایەکی
ئەستور بگوازینەوە
ڕاوکرنی کەروێشک
لەگەڵ بونی مرۆڤ لەسەر زەوی راوکرنی
گیانەوەرەکانیش پەیدا بوە بەمەبستی
خواردنی گۆشتەکەیان و درێژدان بەژیان، لە جیهاندا
و لە کوردستان بە جەندین شێواز ڕاوی کەرویشک دەکرێ:
1-
بەهۆی
دانانی تەڵەوە کاتێک کەرویشک زیان دەگەنێ بە کێڵگە کشتوکاڵیەکان راو دەکری
2-
بەهۆی
تانجی و سەگی راوە
3-
بەهۆی
سەیارەوە لەشەودا کە پێ دەوترێ شەوارە، بەهۆی شەوقی گڵؤپەکانەوە
چاوی کەروێشکەکە نابینا دەبیو راوچیەکەش بە تەفەنگ لێ ئەدات
وەک
ئەزانین کەرویشک لای ئێوارەوە جالاک دەبێت و لە کونەکەی دێتە دەروە، بەدرێژایی ڕۆژ
دەخەوێ لەکونەکەی یان لەدەروە، ڕاوچیەکان بەهۆی پشقلەکانیەوە ئەیدۆزنەوە،جونکە
کاتێ لەکون دێتە دەر پشقلی تازە دەکات و بەوچەشنە راوچی شارەزا دەی دۆزێتەوە هەست
دەکات لەو نزیکە کەرویشک هەیە.
ڕاو وەک
هیوایەت و کات بەسەر بردن
لەکوردستان باوە،زۆربەی راوچیەکان راوی نامرۆڤانە دەکەن، واتە لە وەزی
زاوزێدا دایکانەی سک پڕ ڕاو دەکەن ،کەزیان بە زۆر بونی کەرویشکەکان دەگەیەنێ و لە
کۆتایدا دەبێتە هۆی لەناوچونی ڕەگەز و تۆی کەرویشکی کێوی.
دکتۆرناجح گوڵپی / پزیشکی ڤێترنەری ڕاوێژکار
6/3/2016
n.gulpy@gmail.com