فەرەنجی"کوڵە باڵ"
فەرەنجی یان کوڵەباڵ ،پۆشاکی دێرن و
لەمێژینەی پیاوان بوە لە هەورامان ، بەهۆی
پێوستی بۆ خۆپاراستن لەسەرما و سۆڵەی زستان، هەورامیەکان توانیویانە گەلێک
پێداوستی ژیان بەدەستی خۆیان دروست بکەن،لەوانە فەرەنجی .
چۆن فەرەنجی دروست دەکرێت:
دەبێ
ئاماژە بەوە بکەین کە فەرەنجی بومی کوردستانە و لەهەورامان دروست کراوە و
دەکرێ،واتە پۆشاکی تایبەتی هەورامانە
/کوردستانە، وەستای دروست کردنی ئەم پۆشاکە لەهەورامانی تەخت،گوندەکانی
کەیمنە،هانەگەرمڵە،نۆدشە، جەندین گوندی تری هەورامان بووە ، بەلام بەهۆی پەیدابونی
قوماش ئیستا هەم لەبەرکردنی فەرەنجی هەم وەستای دروست کردنی کەم بۆتەوە.
سەرەتا مووی بەرخ واتە (بەرگن ) نەک خوری مەڕ، لە بەرخە شەش مانگەکان
کۆدەکرێتەوە،واتە بەرخ لەبەهاراندا و لەمانگی پێنج کەش و هەوا گەرمی کرد بۆیەکەم جار برینگە دەکرێت واتە مووکەی دەپاچینەوە، پاشان
جوان دەشۆرێتەوە ،ئینجا دەبرێتە لای هەلاج تاکو شی بکاتەوە هەمووی یەک دەس ساف و
جوان و خاوێن، دواتر دەبرێتە لای وەستای تایبەتی دروستکردنی فەرەنجی ، ئەم
وەستایە کۆمەلێک پێداوستی تر لە بەرگن دروست دەکات وەک ( لباد، کەڕەک،کڵاو..هتد
).
بەرگن لەخوری باریکتر و ناسکتر و سوکترە و باشتر دەلکێت
بەیەکەوە بۆیە دەتوانین فەرەنجی و لباد و کەڕەکی لێ دروست بکەین، هەندێ ژنی
بەسەلیقە موەکەیان بە باریکی ڕستوە و کراوە بە رانک وچۆغە.
بەرگنی ئامادە کراو دەبرێتە لای وەستای
فەرەنجی ،ئەویش بەشێوەیەکی یەکسان بلاوی دەکاتەوە ،لەسە چیخێک و ئاوپرژێنی دەکات تاکو کەمێ تەڕ ببێ ، پاشان چیخەکە لول
دەکات و دەیکاتەوە (ساوی ئەدات ) جوان
ساوی بەرگنەکە دەکات و وردە وردە یەک دەگرێت و وەک پارچە قوماشێکی ئەستوری لێ دێت،
چەندین جار ئەم کردارە دوبارە دەکاتەوە، چوار چیوەی دیاری کراوی بۆ دائەنێ واتە
درێژی و پانی دیاری دەکات، بە زەردێنەی هێڵکە ئاوپرژێن دەکرێت و جەندین جاری تر
ساو ئەدرێ تاکو جوان یەک بگرێتو پتەوو
بێت، دواتر دەی نوشێنێتەوە و هەمدیسان ساوی ئەدەن تاکو وەک دوو پارچە قوماشی دوو قەدی لێ دێت، کە
لەهەر سێ لاوە داخراوە، لەگەڵ ئەمەدا حساب بۆ هەردو گوێچکەی فەرنجیەکە کراوە، دوای
ئەوە لە ناوچێخکە دەری دەهێنن و هەمدیسان
ساوی ئەدەن تاکو ساف و پتەو ببێت، پاشان وەستاکە
شووێنی قۆڵ و مل و یەخەکەی بە جوانی دەبڕێت ، و گوێچکەکانی بەشێوازی تایبەت دەنوشێنێتەوە، ( دەتوانین بڵێین ساو ،،وەک ئوتوکردنی ئیستا وایە ).
لەکۆتایدا پەراوێزی یەخەو بەرۆک وبن هەنگڵ و
گوێچکەکانی دەکرێت بە تێگرتنی قوماشی ڕەشی ناسک، دەتوانی گیرفان دروست بکرێت
بۆفەرنجی.
بەپێ ئارەزو و زەوقی مرۆڤەکان فەرنجی چەندین
ڕەنگی جیاوازی هەیە،( سپی،شینکی،سور،خورمایی ،ڕەش) هەروەها هەندێ جار فەرەنجی بێ
گوێچکەش دروست دەکرێت ،هەڵبەت ئەمەیان کارەکە ئاسان تر دەکات.
فەرەنجی
لەهەموو وەرزەکانی ساڵدا لەبەر کراوە و ئیستاش لەبەر دەکرێ، بۆزستان گەرمە
و بۆ هاوینیش لە تیشکی خۆر دەت پارێزی، بەلام بەشیوەی گشتی جاران بۆ وەرزی سەرماو سۆڵە لەبەر کراوە، فەرەنجی
تەنیا بۆ خۆپاراستن لەسەرما سودی لێ وەر
نەگیراوە بگرە زۆر سودی تری هەبوە، سەرشانەکانی
زۆر بەرزە و بۆ هەڵگرتنی کۆڵ و باری قورس
سودی هەبوە ، پشت شان وملی پاراستوە لە ڕێش بون و سوربونەوە وئازار.
لەسەرەتای شۆڕشی کوردەوە فەرنجی وەک ڕەمزێک
هەموو پێشمەرگەکان بەتایبەت لە ناوچەی هەلەبجەو هەورامان لەبەریان دەکرد، دواتریش
لە شۆڕشی نوێدا لالەیەن زۆرێک لەپێشمەرگەوە لەبەر کراوە وەک مامەڕیشە، هەرووەها لە لایەن
پێشمەرگەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەبەر
کراوە وەک قاسملۆی نەمر، هەم سوک و سۆڵ
بوە هەم گەرمیش بوە، هەم یارمەتی دەر بوە بۆ هەڵگرتنی چەک لە شاندا، هەم وەک
پۆشاکێکی نەتەوەیی لە دژبەری داگیرکەراندا، سامو هەیبەتێکی هەبوە دوژمن حسابی بۆ
کردوە، ئیستاش دەستەی پێشمەرگەکانی پەرلەمانی فەرنجی و کلێتەو جلی کوردیان لەبەرە
.
لەئیستاد فەرەنجی لە بۆنە نیشتمانی و ئاهەنگەکاندا
لەبەر دەکرێ لەگەڵ جلی کوردی و رانک و چۆغە، بەلام لەناوچەی هەرورامان بە
بەردەوامی لەلایەن پیاوانەوە لەبەر دەکرێت بەتایبەت هەورامانی تەخت، فەرەنجی نەک
پیاوان بەڵكو لەلایەن گەنج و منالانیشەوە لەبەر کراوە ،ئیستا وەک پۆشاکێکی کەلتوری
نەتەوەیی چاوی لێ دەکرێت.
کەڕەک:
کەڕەک یان "کەپەنگ " فەرەنجیەکی
گەورەیە دەرەدامان ، تایبەتە بۆ شوان، ئەو
کەسانەی کە دەچونە لای رانە مەڕو گاگەل،کەڕەکیان لەبەر دەکرد تاکو هەموو گیانیان
بپارێزی لە باران و بەفر و تەڕ بوون، لەکاتەکانی تردا کەڕەک وەک راخەر و ژێرخەر بۆ
کاتی پشودانی شوان بەکار هاتوە، کەڕەک شووێن قۆڵی نیە، دەشکرێ هەیبێ، هەندێ جاریش
کلاوی بۆ دروست کراوە،وەک پاڵتۆی ئیستا کراوەتە سەر شان .
هەلاج:
یان
هەلاجی پیشەیەکی کۆنی کوردەواریە،جاران
بۆشی کردنەوە ی خوری بەرگن،موی بزن،لۆکە ،هەلاجیان دەکرد بەهۆی دەزگایەکی
دەستیەوە پێ دەوترا "جیکەنە"
لەدارێک و ژێ یەک لە پێست وەک تالە
دەزویەک بە دەسکەوانێک ئەدرا لەم ژێ یە لەناو خوری و لۆکەکەدا ئیتر شی دەکردەوە، هەڵبەت
دەبێ جیکەنەکە بە پەت لە بن داری شوینی
ئیشکردنەکە هەڵبواسرێ و جێگیر بکرێت، کەمێک بەرز بێتەوە لە تەختی زەوی خانوەکە ،ئیستا
ئەو دەزگا نەماوە و ئامێری کارەبایی پەیدا بوە بۆ شیکردنەوە خوری و لۆکە.
دکتۆر ناجح گوڵپی 14/9/2016