پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان

.
پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان
پاش هەڵگیرسانی شەڕی ئێراق - ئێران 21/9/1981 کە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوامی بوو لە 8/8/1988 کۆتایی هات، بەهۆی لایەنگری زۆربەی وڵاتانی زل هێز لە عێراق لەشەڕدا دژ بەئێران، ئەویش بە  مەبەستی بەربەست دانان لە گەشەسەندنی دەولەتی ئیسلامی  و هەناردەکردنی فکری ئیسلامی بۆ دەروەی سنورەکەی، لەم ڕوانگەیەوە  زل هێزەکان بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی  تەواویان بۆ عراق جاڕدا بوو،هاوکات زۆربەی ولاتانی عەرەبیش پشتیوانی عێراق بون  بێجگە  لە  (سوریا و لیبیا) کە هاوکاری ئێران بوون، بەهۆی بەرگەگرتنی ووڵاتی ئیران دژ بەهەموویان  ،بیریان لە بەکار هێنانی  چەکی کۆکژ کردەوە  ئەویش  چەکی کیمیایی بوو، سەرباری ئەوە  کە عیراق لە ڕیزی ئەو 120 ولاتە بوو واژۆی ئەم پەیمان نامەی کردبوو،کە ساڵی 1925 لە جنێف بەسترابوو، پاش ئەوەی عیراق چەکی کیمییای و مادەکانی بەرهەم هێنانی دەس کەوت، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا بۆ بەکارهێنانی ،کە بەپێی یاسا نێو دولەتیەکان نابێت چەکی کۆکوژ بەکار بێت لەجەنگدا، لەبەرەکانی جەنگی نیوان سەربازانی عیراق و ئیران بەچڕی بەکاریان هێنا، تەنانەت  سەربازی عیراقیش بەردەکەوتن، لێرەدا نامانەوێ  باس لە بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بکەین دژ بە سوپای ئیران  بەڵکو  دێینە سەر تەوەرەکەی خۆمان  ئەویش بەکار هێنانی چەکی کیمییایە  دژی گەلی کورد.
زۆربەمان لامان ئاشکرایە  کە ڕژێمی بەعس  بیری شۆڤێنیەت بەسەری دا زاڵ بوو ،دەی ویست کورد لە بۆتەی عەرەبدا بتوێنێتەوە و نەی هێڵێ، بۆ ئەم مەبەستەش چەندەها  ڕێگای گرتە بەر ،راگواستن، بەزۆر بەبەعسی کردن، تەعریب کردنی ناوچە کوردیەکان، کۆتا هەنگاوی بەکار هێنانی جەکی کۆکوژی کیمیایی بوو ، تازۆرترین ژمارە ی کورد لە ناو ببات بەتایبەت  نەیارەکانی، لەم ڕوانگەوە ڕژێم هەرکەس لەژێردەسەلاتی  ئەودا نەبوایە  بە قورسترین شێوە  لێێ دەدا بەئاگر وئاسن و چەکی کیمیایی، بڕیاری تایبەتی دەر کرد بۆشوێنە ئازاد کراوەکان  کە بە  ناوچەی قەدەغەکراو ( مناطق محرمە ) ناو زەدی کردن، هەر بۆیە لەسەرەتای سالی 1987 وە زۆر دڕندانە کەوتە بۆردومانی کیمیایی ناوچە ئازاد کراوەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە  دەستی نەدەپاراست لەمرۆڤ و ئاژەل و باڵندەش .
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کەدەست کەوتوون ڕژێم لەتشرینی دوەمی ساڵی 1983 دا  چەکی کیمیایی وەدەس خستوە، بەلام بەهۆکاری نەزانراو بە کاری نەهێناوە لەبەرەکانی جەنگدا، دەرکەوتوە یەک جار لەبەرەی جەنگی باکور دژ بەئیران بەکاری هایناوە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران.
پێشتر لەساڵەکانی 1937-1938 دەولەتی تورک دژی کورد لە شۆڕشی دەرسیم دا چەکی کیمیایی بەکار هێناوە  وەک لەساڵنامەی دەولەتی عوسمانیدا  هاتوە.
ڕژێم هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی  دژ بە گەلی کورد  بەکارهێنا، لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگی و موشەک و بۆمبی گەورە، تۆپی دورهاوێژ، راجیمە ، تێبینی دەکرێ زۆربەی هێرشە کیمیایەکان بەشەو دەیکرد ،تا خەڵک نەی بینێ زۆرترین کوشتار بدات.
مەبەست لە دروست کردن یان ئامادە کردنی ئەم بابەتە بەشێوازی ڕۆژمێر ئەوەیە  تاکو  تاوانەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی  بەشێوازێکی ئاسان تۆمارو بەدۆکیومێنت بکرێن، و نەتەوەی کورد و نەوەی نوی لێێ ئاگادار بێت، وەک سەرچاوەیەک سودی لێ وەربگیرێ لەکاتی پێوستدا،
لەم پانۆرامایەدا دەمانەوێ  بە تێرو تەسەلی  ڕۆژی بۆمبارانی کیمیایی  ناوچەو  شوێنەکان  وژمارەی قوربانیەکان  بەپێ توانا دیاری بکەین:
1.      لە ڕۆژی 15/4/1987 دا /پارێزگای سلێمانی  گوندەکانی (هەڵەدن،چاڵاوە ،کانی توو، سەرگەڵو،بەرگەڵو ،ئاوەژێ، سێڕوان، نوڵچکە ،چنارنێ،شاخی گۆجاڕ)، ژمارەی قوربانیان  برینداربونی دەیان کەسی مەدەنی و پێشمەرگە بوە. شایانی باسە  ئەم بۆردومانانە  لەدوای ئەنجامی هێرشێکی گەورەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی بوو بۆ سەر ناوچەکە  بە ناوی داستانی ڕزگاری ، سەرەڕای ئازادکردنی جەندین گوندو ناوچەو بە سەدان ڕەبایەو سەربازگەی ڕژێم، بەلام داستانەکە  بەپێ ئەو نەخشەیەی کە بۆی دانرابوو  نەگەیشتە ئەنجام.  جونکە ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار هێنا دژی پێشمەرگەو هاوڵاتیان. بۆمبارانی کیمیایی ڕۆژانی دوایش بەردەوامی هەبوە زیاتر لە 30 هاولاتی بریندار بوون ،لە نەخۆشخانەی شۆڕش لەبەر گەلو خەوینراون و چارەسەر کران .
دەتوانین بلێێن ئەمە یەکەم  هێرشی کیمیایی بۆ بۆسەر ناوچە ئازاد کراوەکان و  پێشمەرگە ،داستانی ڕزگاری  لە شەوی 12 لەسەر 13/4/1987  دەستی پێکرد و ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوو،زیاتر لە 105 پێشمەرگە گیانیان بەخشی بە کوردستان،بەلام نەزانراوە ئایا جەندیان بە جەکی کیمیایی شەهید بوون. ئەوەی تێبینی دەکرێ ڕژێم چەکی کیمیایی زۆرتر دژی گوندەکان بەکار هێناوە  تاکو ژمارەیەکی زیاتر خەڵکی بێ دیفاع شەهید بکات.
2.      لە ڕۆژی 16/4/1987 دا /پاریزگای هەولێر  گوندەکانی (بالیسان،شێخ وەسانان،کانی بەرد، زنجیرە چیای دەرشیر،زینی بەڵاڵوکاوە،ناوچەی ساو سێوکان) بۆمباران کران  بە  12 فرۆکە ی جەنگی چەکی کیمیایان وەشاند . دیارە ئەو  شوێنانە ناوچەی ئازادکراو بوون ولەژێر دەسەلاتی هێزی پێشمەرگەدا بون بارەگای مەڵبەندی سێ ی (ینک ) ی لێ بوو، لەئەنجامی کیمیاباراندا تا ئیستا  زیاتر لە 280 هاولاتی شەهید بوون،سەرەتا ژمارەی شەهیدان کەمتر بوو  بەلام بەهۆی برینداری و کەمتەرخەمی لە چارەسەر کردندا  ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی شەهیدان زیاتر دەبن،تائیستا  مووچە بۆ 256 بەرکەوتووی کیمیایی بڕاوەتەوە ،و نزیکەی 320 کەسی تر بەرکەوتووی چەکی کیمیاین.( لەکاتی بۆمبارەنەکەدا و سالی 1987  نزیکەی 109 کەس شەهید بوون، زیاتر لە 281 برینداری ئاشکرا هەبوو  دواتر وردە وردە کاریگەری چەکی کیمیایی دەرکەوت  قوربانیەکان زیاتر بوون) بریندارەکانی ئەم تاوانە ڕویان لەهەولێرو شەقلاوە و رانیەو شارەکانی تر کرد  بۆ چارەسەر بەلام  ڕژێم زۆربەی هەرە زۆری دەسگیر کردو  زیندە بەچاڵی کردن  بەتایبەتی ئەوانەی چوون بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر ،پیاوەکانیان لەژنەکان جیاکردوە و لە سەربازگەی ڕشکین پاش دەیان ڕۆژ دەسبەسەرکردن ژنەکانیان ئازاد کردو پیاوەکان دواتر زیندە بەچال کران لەدوای راپەڕین تەرمی زیاترلە 66  کەسیان لەو سەربازگەیەهێنایەوە،هەروەها 150 خانوو دروست کراوە بۆ کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی بالیسان و شێخ وەسان.
3.      لەڕۆژی 17/4/1987 /پاریزگای سلێمانی   گوندەکانی (قزلەر ، بیرکێ ،سنگر، مێولاکە ) کیمیا باران کرا ،جەندین کەس بریندار بوون، بەهۆی ئەوەی بۆمبارانەکە  لە سەر وبەندی داستانی ڕزگاریدا بوو ، زۆربەی شووێن وگوندەکان و بەرەکانی جەنگ بۆردومان دەکرا،خەڵک  خۆیان حەشار دابوو  و لەئامادە باشی دابوون بۆیە ژمارەی قوربانیان کەمە.
4.      لە ڕۆژی 18/4/1987 /پارێزگای سلێمانی  گوندەکانی (قەیوان ،کۆرەنگ،خەجەلەرزۆک،قەواڵ، قوڵەجاخ،چۆخماخ،کۆڵەردی ) بەچەکی کیمیایی بۆردومانکرا  50 هاولاتی بەرکەوتوە.
5.      لەڕۆژی 19/4/1987 دا پاریزگای سلێمانی گوندەکانی (ماوەت قەیوان،پیرەمەگرون) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کران، دەیان کەس بەر چەکی کیمیایی کەوتن .
6.       لەڕۆژی 20/4/1987 دا  هەمان ناوچەکانی ڕۆژانی پێشوو  بۆمباران کران و دەیان کەس بەرکەوتن
7.      لە ڕۆژی 21/4/1987 دا پاریزگای سلێمانی/ناحیەی قەرداخ و گوندەکانی دەورو بەری  بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران، لەڕۆژی 19/4/1987 دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ( ینک،حشع ،پدک،حسک ) بە هاوکاری هێزی پشتگیری ناوچەکە  لەهێرشێکدا دەستیان گرت بەسەر تەواوی ناحیەی قەرەداخدا،هەموو سەربازگەو فەرمانگەکانی حکومەت کەوتنە بندەست پێشمەرگە، بۆ تۆڵەی ئەم شکستە  ڕژێم بەچەکی کیمیایی ،ناحیەکەو دەوروبەری بۆمباران کرد ،بەلام بەهۆی وریایی و ئامادە باشی هیزی پێشمەرگە  کاریگەری نەبوو  تەنها  جەند پێشممەرگیەک بەسوکی بەرکەوتن، ئیتر لەو کاتە بەدواوە ناوەندی ناحیەی قەرەداخ  ئازاد کرا.
8.      لەڕۆژی 21/4/1987 پاریزگای هەولێر/ دۆڵی بالیسان کیمیا باران کرا
9.      لەڕۆژی 1/5/1987  پاریزگای دهۆک گوندی (زێوە) بۆردومانی کیمیایی کرا چەندین پێشمەرگە شەهید بوون
10.  لەڕۆژی 22/5/1987  پارێزگای هەولێر گوندەکانی (مەلەکان،گۆڕە شێر، کەندۆل،بلێ بردون ) کیمیابران کران
11.   لە ڕۆژی 22/5/1987  پارێزگای کەرکوک  گوندەکانی ( تۆمار،گورگان ، قەمەر ) کیمیاباران کران.
12.  لە ڕۆژی27/5/1987  پاریزگای هەولێر  گوندەکانی (مەلەکان،بلەی خواروو، بلەی سەروو،تارینا، کەندۆک، کوڕە شێر، نازەنین، دۆڵی سماقۆلی ) کیمیاباران کران  لەئەنجامدا  هەشت 8 شەهیدو  23  بریندار کەوتن، بەپێ هەواڵەکان  فرۆکە جەنگیەکان بیست 20 هێرشیی کیمیایان ئەنجام داوە لەو ڕۆژەدا.
13.  لە ڕۆژی 5/6/1987 /پاریزگای دهۆک  گوندەکانی قەزای ئامێدی بۆمباران کران یەک شەهیدو سەد بەرکەوتوو
14.   لەڕۆژی  27/6/1987 لە پاریزگای سلێمانی  گوندی (زێوێ)  بناری شاخی پیرەمەگرون کیمیاباران کراوە، 35 کەس بەرکەوتن .
15.   لەڕۆژی 28/6/1987  ڕۆژهەلاتی کوردستان  شاری سەردەشت بۆردومانی کیمیایی  کرا، زیاتر لە 130 کەسی مەدەنی شەهید  و  8025 بریندار کەوتن،ڕژێم بۆمبەکانی  لە قەرباڵخ ترین شوێنی ئەو شارەدا،لەو کاتەدا سەردەشت  وەک بەرەیەکی دواوەی جەنگی لێهاتبوو لەشەڕی عێراق-ئێراندا.
16.   لە ڕۆژی 3/9/1987  پاریزگای سلێمانی گوندەکانی (  بەرگەڵو  ،یاخسەمەر) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کران  لەئەنجامدا 4 پێشمەرگە شەهیدو  چەندین کەس بەرکەوتن.
17.  لەڕۆژی 14/9/1987  پارێزگای سلێمانی  ناوچەی( مێرگەپان ) بۆمبارانی کیمیایی کرا  جەنین کەس بەرکەوتن
18.   لە ڕۆژی 25/2/1988  پارێزگای سلێمانی  گوندەکانی ( سەرگەڵو ،یاخسەمەر ،هەڵەدن ،گوێزیلە ) بۆردومانی کیمیایی کران، چەندین کەس بەرکەوتن.
19.  لەڕۆژی 26/2/1988 پارێزگای سلێمانی ، هەمان ناوچەو گوندی ڕۆژی پێشو(سەرگەڵو ،یاخسەمەر،هەلەدن،گوێزیلە ) بۆردومان کران  8 شەهیدو  201 کەس بەرکەوتن.
20.   لەڕۆژی 27/2/1988  پارێزگای سلێمانی گوندەکانی( تەکیە ،بەلەکجاڕ، بەڵخە،گومەتە ) لە ناوچەی قەرداخ  کیمیاباران کرا بە ژەهری خەردەل ،لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمەوە  کە ژمارەیان نزیکەی 6 فڕۆکە دەبوو، دەیان پێشمەرگە بریندار بوون کە مەزندە دەکرا بە  40 کەس ، بەهۆی کاریگەری برینەکەیانەوە  2 کەسیان شەهید بوون کە جەکداری  ئەنجومەنی بالای ئیسلامی بوون  بەڕەگەز عەرەب، نیشانەکانی بریندار بوون بریتی بوو لە  سوتانەوەی چاو  قورگ لوت و  ئاو هاتنە خوارەوە  پژمین و کۆکە ،کزبونی بینایی و کوێڕ بون ،سوتانەوەی پێستی  شوێنە هەستیارەکانی لەش،( خۆم شاهید حاڵی ئەو بۆمبارانە بووم  لەوێ پێشمەرگە بووم)
بۆمبارانی ئەمجارە تایبەت بوو  بە بارەگاکانی مەڵبەندی یەک (ینک)  لەگوندەکانی تەکیەو بەلکجاڕ  کە هەموو بریندارەکان لەوی بوون.
21.  لەڕۆژی 9/3/1988 پارێزگای سنە  .مەریوان گوندی  قەڵاجی  (ڕۆژی 19 اسفند ی 1366 بۆمباران کرا)، بە گازی خەردەل ، 3 شەهیدو زیاتر لە 30  بەرکەوتوو.(زریوار خبر).
22.   لەڕۆژی 16/3/1988  پارێزگای سلێمانی قەزای هەلەبجەو شارەدێ و گوندەکانی  دەوروبەری  بەچەکی کیمیایی بۆمباران کران ( 5000  هەزار شەهید)  و دەیان هەزار کەس بریندار و ئاوارەی وەلاتی ئێران بوون.  لەئەنجامی هێرشێکی بەر بڵاوی سوپای پاسدارن ی ئێران و بەهاوکاری پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی  بۆ سەر قەزای هەلەبجەی ئەوکاتە، لەچەندین قۆلەوە لە ڕۆژانی 14/3 /1988 بەدواوە ،پاش داگیر کردنی ناوچەکە  بەتەواوی و ڕژێم  دەستی کرد بە بۆردومانی ناوشاری هەلەبجە  سەرەتا  بە بۆمبی ئاسایی کاتژمێری 11.20  دەستی پێ کرد ،تاخەڵک بەزۆرترین ژمارە خۆی حەشار بدات و کۆ ببنەوە، لە ژێر زەمینو حەشارگەکاندا .ئینجا دەستی کرد بە بۆمبارانی کیمیایی  لە ڕێگای فرۆکەوە،مەزەندە ئەکرێ هەموو جۆرە گازەکانی بەکار هێنابێ  وەک تاقیگەیەک  ( خەردەل،فۆسجین،سارین، تابون ، سیانید، ڤی ئیکس ) ،بۆمباران بەردەوام بوو  تا خەڵک لەشار هەڵهات و  ئینجا لەوێش لە ڕێگادا  بەردەوام بۆمباران دەکران ، بەمەبەستی بەتەواوی لە ناو بردنیان،ڕێگاکانی دەرچونی لەشار هەمویی بۆردومان دەکران،هەتا چەندین ڕۆژ دواتریش دەوربەری هەلەبجەو گوندەکانی بۆمبارانی کیمیایی دەکران
23.   لەڕۆژی 17/3/1988 پارێزگای کرماشان /هەورامان شارەدێی( نۆدشە )کەوتە بەرهێرشی کیمیایی ، (104) شەهیدو زیاتر لە 700 کەس بەرکەوتوو، هەروەها  لە رۆژی 24/3/1988 دا جاریکی تر ، ولە 2/4/1988  بۆجاری سێهەم بۆردومان کرا، شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆمەبەستی لێکۆڵێنەوە سەردانی ئەم شارە  یان کردو  سەلماندیان کە  چەکی کیمیایی لەجۆری خەردەل لەو شارە دراوە.
24.   لەڕۆژی 17/3/1988  ڕۆژانی دواتریش /پارێزگای سنە/  مەریوان، گوندەکانی  ( دەرەناخێ ،زەکەریا، ڕێگای نیوان مەرزی دزلی و بیەکەڕە)  کە ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی ئاوارەی هەلەبجەو هەورامان و ناوچەکانی تربوو،ڕژێم جاریکی تر لە ڕێگاوە بۆردومانی کردن،جەنین بریندرا و کەسیک شەهید بوو  بەناوی ( زۆراب ئازیز گوڵپی)،

25.   لەڕۆژی 22/3/1988  پاریزگای سلێمانی  ناوچەی قەرەداخ  گوندی( سێوسینان )، ئێوارە لەگەڵ بانگی مەغریب کاتی پشودان و نان خواردن ی خەڵکی گوندەکە ،لە گەڵ تاریک بونی هەوا ڕژێم لە  نزیک دەربەندیخانەوە  لە گوندی کانی ساردەوە  بە ڕاجیمەی چل چل  و بەچەکی کیمیایی جۆری دەمار(سارین و تابون)   بۆردومانی ناو دێ ی سێوسێنانی کرد، دەس بەجێ  68 کەسی سڤیل  لە ژنو مناڵ و پیر  شەهید بوون ،یەک کەسیان پێشمەرگە بو،دواتر ژمارەی شەهیدەکان  بوە بە  71  بەهۆی گیان لەدەستدانی بریندارەکانەوە ،  سەدان کەسیش بەرکەوتن  و زیاتر لە 70  کەسیان بەهۆی تراکتۆرەەوە لەلایەن تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەوە گەیەنران و چارەسەریان بۆ کرا، بەهۆی هەوڵ و کۆششی دکتۆرو یارمەتی دەری دکتۆر و پێشمەرگەکانی نەخۆشخانەی  مەڵبەندی یەک  (ینک) توانرا  گیانی هەموو  بەرکەوتوەکان ڕزگار بکرێ، پاش کەمتر لەنیو کاتژمێر و  گەیشتنی  دوو بریندار لە گوندەی بەردێ  و خوار گوندی سێوسێنان بۆمان پشت راسکرایەوە  کە گوندی سێوسێنان بە چەکی کیمیایی بۆردومان کراوە ،یەکسەر تیمی پزیشکی لە خەستەخانەوە  دەسبەجێ ڕۆشتن بۆ گوندەکە  کە نزیکەی 30 دەقیقە بەپێ ڕۆشتن دور بولێمان،توانرا بریندارەکان  بهێنرێنە خەستەخانەو چارەسەریان بۆ بکرێ لەماوەی  2-3 ڕۆژ.. لەئیستادا مەزارگەی شەهیدانی کیمیاباران لەو گوندە  68 کێل و روفاتە، 24 خانوش بۆ کەسوکاری قوربانیانا ئەو تاوانە دروست کراوە .( خۆم وەک شایەت حاڵی زیندوی تاوانەکەم  لە خەستەخانەی مەڵبەند دکتۆر بووم )
26.  لەڕۆژی 23/3/1988  پاریزگای سلێمانی  گوندەکانی ( دوکان، دووکەرۆ،ولیان جافەران ) بەشەو بۆمبارانی کیمییایی کرا  بەلام کەس شەهید نەبوە و دەیان کەس  بەرکەوت، بەهۆی ژەهراوی بونی هەوای ناوچەکە. گوند نشینان کەوتبونە خۆیان و هۆشیار بوبونەوە، بۆیە  گوندەکانیان جێ هێشتبوو لەشاخ و ئەشکەوتەکان دەمانەوە  تا بەر چەکی کیمیایی نەکەون.
27.   لە هەمان ڕۆژدا 23/3/1988  پارێزگای سلێمانی گوندی (شاناخسێ) لە ناوچەی شار باژێر  بەچەکی کیمیایی بۆردومان کرا  22 پێشمەرگە  شەهید بوون و زیاتر لە 720 کەسی مەدەنی وپێشمەرگە  بەرکەوتن. لەو کاتەدا گوندی شاناخسێ  یەکێک بوە لەگوندە ئاوەدانەکان و پڕ لە خەڵک و پیشمەرگە  و نزیک سەر سنور بوو بۆیە ڕژێم بە چەکی کیمیایی و بەفرۆکە بۆمبارانی کرد،بەپێی بەدواداچونەکانم  ئەم گوندە  ڕۆژانی 21 و 22 ،23/3/1988 بۆردومانی کیمییایی کراوە.(کاروانی جیهاز یەکێک لەپێشمەرگە بریندارەکان ی ئەو گوندە بوو، هەروەها  شایەت حاڵی دادگای بالای تاوانەکان بوو، کەلەڕۆژی 26/11/2015 گیانی بەخشی لەنەخۆشخانەی خرونگن لە هۆڵاند)
28.  لەڕۆژی 24/3/1988  پارێزگای سلێمانی  گوندی( بەلەکجاڕ) ناوچەی قەرەداخ ،کە بارەگا سەرەکیەکانی مەڵبەندی لێ بوو لە کات ژمێری نۆی شەو بەتاریکی ،چەکی کیمییایی  جۆری گازی دەمار بۆردومان کرد ،کە گازێکی بێ بۆن و بێ ڕەنگە ،ناودێ و دەروەبەری بارەگاکانی پێشمەرگە، لەئەنجامدا  تەنها  یەک پێشمەرگە  بەناوی هۆشیاری جیهاز شەهید بوو، جەندین پێشمەرگەش بەر ژەهری کیمیایی کەوتن.
29.  لەڕۆژی 3/5/1988 پارێزگای سلێمانی  گوندەکانی ( گۆپتەپە،عەسکەر، چەمی ڕیزان،شونکە،ماهیلە،سەدی، چنار، شێخان، گڵەشێر ، حاجی ژیرە بەرە،کوچبڵاخ ، زرزی،کڵێسە ) بۆمبارانی کیمیایی کران، رۆژی دواتریش 4/5/1988  ڕژێم هێرشی کرد گوندەکانی هەموو تەختی زەوی کرد .لەئەنجامدا سەرەتا زیاتر لە 200 کەس بەهۆی ژەهرەوە گیانیان سپارد،سەدانی تریش بەرکەوتن ، تاکو ئیستا ژمارەی شەهیدەکانیان  کە بەهۆی برینداری چەکی کیمیایەوە گیانیان سپاردوە  گەیشتۆتە 560 شەهید.  لە گۆپتەپە مەزارێکی شەهیدانی هەیە کە روفاتی 105  شەهیدی تێدایە، سەرباری ئەوەی کە زیاتر لە 305 ئەنفالکراوایان هەیە.
30.  لە ڕۆژی 15/5/1988  پارێزگای هەولێر ئەم گوندانە  بەچەکی کیمیایی بۆردومان کران (دەس پێکی قۆناخی چوارەمی ئەنفال بوو )( کاموسەک، سپیندارە، عەلیاوە ، بەرەکە، کەوەکیان، حەریر، سماقولی ،مەلوک )، ئەم هێرشە بۆتە هۆی بەرکەوتنی سەدان کەس .
31.   لەڕۆژی 15/5/1988  بەدواوە 18/5/  پارێزگای سلێمانی /ڕانیە  گوندەکانی ( وەرێ ، گوڵان ) بۆردومانی کیمیایی کران،  پێچەوانەی  شوێنەکانی تر ئەم دوو گوندە لەژێڕ دەسەلاتی ڕژێمدا بون ،لەگوندی وەرێ  زیاتر لە 35 بریندار گەینراوەتە  نەخۆشخانەی مەلبەندی 3  لەخەتی بۆچارەسەر  بەلام  ژنێک گیان لەدەس ئەدا پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، هەروەها ژمارەی شەهیدانی کیمیابارانی  ئەم گوندە 36 کەسە  کەتۆمار کراون  لەگوندی گوڵان  (18) پێشمەرگی کۆمەڵە ی زەحمەت کێشان  /ڕۆژەهەلاتی کوردستان  شەهید کەوتن بەهۆی بۆردومانی کیمیایی ،لەکاتێکدا ئەم گوندە لە ژێڕدەستی پێشمەرگەدا نەبوو، بریندارەکانیان سەردانی نەخۆشخانەی حکومەتیان نەکرد  لەترسی ئەنفالکردنیان و کەشف بونی بەکار هێنانی چەکی کیمیایی.
32.   لەڕۆژی 20/7/1988  پارێزگای هەولێر بۆردومانی کیمیایی گوندەکانی ( سەرو چاوە ،سماقولی، گەناو ،شارستێنە ، خەتێ دەراش ،بالیسان،نازەنین، گەرەوان ) بەهۆی  هێرشی بەردوام و بۆمبارانی کیمیاییەوە  لەم کاتەدا زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە چۆڵ کرابوو،ئەوەی مابویەوە  لە چیاو پەنا گاکاندا خۆیان حەشار دابوو، بەتەنها  هێزی پێشمەرگە  لە ناوچەکەدا مابوو  ئەوانیش لەشەڕدا بوون  بەهۆی شالاوی ئەنفالی  (5 .6.7.)  7 شەهیدو چەندین بەرکەوتوو .
33.  لەڕۆژی 22/7/1988 پارێزگای کرماشان، ناوچەی( داڵاهۆ گوندی زەردە ) بۆمبارانی کیمیایی کرا ،لەئەنجامدا زیاتر لە 300 کەس شەهید بوون، نزیکەی هەزار کەسیش بەرکەوتن، دانیشتوانی گوندەکە ئەوکات  1700 کەس بوە، تائیستاش ئەو گوندە بە  کاریگەری ئەو چەکەوە دەنالێنن و  چەندین حالەتی شێرپەنجە  سەری هەڵداوە
34.   لە ڕۆژی  31/7/1988 پاریزگای هەولێر  گوندەکانی ( سماقولی ، بالیسان، هیران،گەرەوان) بۆردومانی کیمیایی کرا ،لەئەنجامدا  5 شەهیدو  چەندین کەس بەرکەوتن .(30/7 )
35.   لەڕۆژی 2/8/1988  پارێزگای هەولێر گوندەکانی ( ئاری ،سێرو، زەڕوا،هەدن، کەکلە،خێرزوکا،خەروان،بلێ) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کراوە و  6پێشمەرگە شەهید و 117 کەس بەرکەوتن، هەڵبەت ئەم بۆردومانانە لە ڕۆژەکانی پێشوتر و داوتربەردەوامی هەبوە لەسەر ناوچەکە  بەتایبەت لەو کاتەدا ،شەڕێکی قورس لەئارادا بو لە ناوچەی سێ سنور کە بەشەڕی  (خواکورک)  ناوبانگە،
36.   لە ڕۆژی 24/8/1988  پارێزگای دهۆک چیای گارە و  گوندی (زێوەشکان ) بۆمبارانی کیمیایی کرا  10 پێشمەرگە شەهید بوون.
37.   لەڕۆژی  25/8/1988 پاریزگای دهۆک دەسپێکی قۆناخی هەشتەم و کۆتایی ئەنفال لە ناوچەکەدا بۆمبارانی  کیمیایی بۆ سەر ناوچەی ئامێدی و بەرواری باڵا ، گوندەکانی ( وەرمیلی ،باپیری، گەرەگوە ،هیسی ،ئیکمالا ، ئاسهی ، بازێ ، میسکا ،توشمبیک ،مێرگا چیا، کانی بەلاڤ ،برجینی ،توێکا)   لەئەنجامدا  5  شەهیدو 75 بەرکەوتن. هەر لەم ڕۆژەدا چەندین پەلاماری تری کیمیایی ئەنجام دراون لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان.
38.   لەڕۆژی 25/8/1988  پاریزگای دهۆک/ ئامێدی ،سەری گارە گوندەکانی ( ئیکمالا، کیری ، بەلیتی، باوەکا، بەرکەڤری، گرکا، کۆڤلینک ، ڕدینیا، سارکی ، زێوکا ، شێرانە ،بلێجانی،بانێ) کیمیا باران کرا لەئەنجامدا  2 شەهیدو 40 بەرکەوتن.هەر لەم شالاوەدا زیایر لە 46 گوندی دەڤەری ئامێدی تەختی زەوی کران.
39.   لە ڕۆژی 25/8/1988 پارێزگای دهۆک،ئامێدی  بەرواری ژێری (خوارو) گوندەکانی (سپینداری،سواری )
40.   لەڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای دهۆک، ئامێدی  گوندەکانی ( کانیا، باسکا ، ئاڤۆکێ ، بیمنانش ) بۆردومانی کیمیایی کراو  چەندین کەس بەرکەوتن.
41.   لە ڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای دهۆک، ئاکرێ   گوندەکانی  ( پریسە ، جزگیرا ، چەمچالی ، چەمشرتی ، چەم ڕەبەتکی ، میروکی ، بلمباس )  بۆردومان کران و چەندین کەس بەرکەوتن.
42.   لەڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای دهۆک ،زاخۆ  گوندەکانی ( تویکا ، بلیجان ، زرهەوا) بۆردومان کران ،  لەئەنجامدا  14 شەهیدو  15 بەرکەوتن.
43.  لەڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای دهۆک  بۆردومانی کیمییایی کرا لە گوندەکانی (بریجینی، درگەلا شێخا، زیناڤا، دبانکێ ) ،چەندین بەرکەوتوو.
44.   لەڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای هەولێر  ناوچەی ( بەڕۆژ،بارزان، مزوری بالا  ) بۆردومانی کیمیایی کران  بەلام لەبەر سەختی ناوچەکەو  ژمارەی قوربانیان نەزانروە.
45.   لەڕۆژی 25/8/1988 پارێزگای هەولێر ، شەقلاوە  گوندەکانی( هیران و نازەنین) بۆردومانی کیمیایی کراون بەلام زیان نەزانراوە ،لەکۆتا ڕۆژەکانی ئەنفال بوە لەو ناوچەیە.
46.   لەڕۆژی 25/8/1988  پارێزگای هەولێر ،ڕواندوز، گوندەکانی ( خەتێ ، وەرتێ ) بۆ دواجار بۆمبارانی کیمییای کراون ،قوربانیەکان نەزانراوان.
47.   لەڕۆژی  26/8/1988  پارێزگای دهۆک ،ئامێدی گوندەکانی  ( سەری ئامێدی ،سپێر ،سینیا ، نێروە، خەرەگول کوجرزکا، خراپ ، زێوە، بەرچی، کانی ، دیری ،دەرگەنی ،  سیری، سکیری ، سەرکەلی ،فیرستەک ، چیاڕەشک ) بۆردومانی کیمییای کراوان، قوربانیەکان نەزانراوە.
48.   لە ڕۆژی 27/8/1988  پارێزگای هەولێر، مزوری بالا  ناوچەی( زێ ی ڕوشین) بۆردومانی کیمیایی کراوە  ژمارەیک شەهیدو بەرکەوتە  هەبوە.
49.   لەڕۆژی28/8/1988  پاریزگای دهۆک ، لە نێرەوە  و ڕێکان  گوندەکانی (شیڤی، هیتوت، کانیا پینک ، باشی ،سەرنی ،گارە ،گەرو ، باوانکێ ، زێوە ، گەلی کوتکێ ) بوردومانی کیمییای کراوان، ژمارەی قوربانیان نەزانراوە.
50.   لەڕۆژی 29/8/1988 پارێزگای دهۆک  ناوچەی بەرواری باڵا  گوندی ( بازێ و گەلی بازێ ) بۆردومانی کیمیای کران و 2980 کەس شەهید بوون و سەدان بەرکەوتە. ناکۆکی لەسەر  ژمارەی شەهیدەکان هەیە،پێ دەچێ ئەم ژمارەیە (بێ سەروشوێن و ئەنفال کرابن)
51.   لەڕۆژی 29/8/1988 پارێزگای دهۆک  گوندی (بانکێ ) کیمیاباران کراوە  زیاتر لە 1000 شەهید  و سەدان بەرکەوتوو هەبوە.
 لە سەروەختی شالاوی ئەنفالدا  ڕژێم  هەموو  گوندەکان و ناوچەکانی بادینان و کوردستان بە بۆمبی کیمیایی بۆردومان کردوە  نەمان توانیوە ناوی هەموو گوندەکان بهێنین.   بەپێ بەڵگەنامەکانی سوپا لەئەنجامی بۆردومانی کیمیایی و هێرشی بەرفراوانی  لە قۆناخی هەشتەمی ئەنفال  ،زیاترلە 160000 کەس لە سنور  پەرێنەوەو چونە ناو خاکی باکوری کوردستان و لە ولاتی تورکیا بونە پەنا بەر و 664 گوند  وێران کران و و زیاتر لە 1700 کەس  بێ سەروشوێن کراون.
تێبینی:  وشەی  بەرکەوتوو م بەکار هێناوە لەجیاتی برینداری چەکی کیمیایی. هەروەها بەهۆی نەشارەزایم لە ناوی گوندەکانی بادینان،ئەگەر هەڵەیەک هەبێ  داوای لێ بوردن دەکەم، بەهیوام بەهەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەی خوێنەر ڕاست بکرێنەوە
 سەرچاوە:
·         گۆڤاری پێشەنگ  ژمارە (16) کانونی دوەمی ساڵی 1989  دەرچوە. وەک بناغەو بیرۆکەی نوسینەکەم سودم لێ وەرگرتوە.
·         لەتوێشوی پزیشکێکی پێشمەرگەوە (د.فایق گوڵپی)
·          ماڵپەڕی زرێوار خبر، کوردپا
·         کۆمەلێ وتارو یادەوەری لە ئینتەرنێتەوە وەرم گرتوون  کە بۆ یادەکان ئامادەکراون لە لایەن دەزگا فەرمیەکانی  حکومەتەوە
·         پانۆرامای تاوانەکانی سەدام (عەدالەت عومەر)
·         شایەت حاڵەکانی دادگای بالای تاوانەکان لەبەغدا،دۆسیەی هەلەبجە و ئەنفال (تەها سلێمان)
·         یادەوەریەکانی خۆم
·         ماڵپەری مەڵبەندی ڕیکخستنی پێشمەرگە (ئەمڕۆ لەمێژوودا)
·         ڕێکار مزوری

ئامادەکردنی : دکتۆر ناجح گوڵپی

1/3/2016

veterinary medicine. يتم التشغيل بواسطة Blogger.

پەیوەندی

بابەتە پڕخوێنەرەکان

ئەرشیڤ