نامەیەک بۆ باوکم لە یادی شەھیدبونیدا

.


رۆژی ١٢-٨-١٩٦٣ لە سەر جادەی نیوان سەیدسادق و ھەڵەبجە لە نزیک پردی زەڵم،لەگەل دەستەیەک پێشمەرگەی قارەمانی تردا لە شەرێکی قارەمانانەدا شەھید بویت.
لە بیرم دێت بە چەند رۆژێک پێش ئەوەی شەھید ببیت،دایکم داوای لێکردی واز لە پیشمەرگایەتی بێنیت،دایکم پێیوتی بۆ کێی دەکەیت؟ وازبێنە دەکۆژرێیت و مناڵەکانت ھەتیو دەکەون و من بێوەرژن دەکەوم و کەس نیە بەخێومان بکات،تۆش وتت بۆ کوردی دەکەم بۆ کوڕەکەمی دەکەم،بۆ کوڕی کورەکەمی دەکەم.
بابە گیان دایکم راستیکرد تۆ شەھید بویت،من و براکانم ھەتیو کەوتین،دایکم بێوەرژن کەوت،بەڵام ھەتیوی، من و براکانمی لە رێگەی کوردایەتی لانەدا،ھەر کە گەورەبوین وەک ئەندام و کادری حزبەکان و وەک پێشمەرگە درێژەمان بە رێبازەکەی تۆ ( یان کوردستان یان نەمان)دا.
ساڵی ١٩٨١ برایەکم بو بە پێشمەرگەی حزبەکەی تۆ( پارتی) و شەھید بو،ساڵی ١٩٨٢ تا راپەرینی ١٩٩١ من بومە پزیشک و پێشمەرگەی حزبێکی تر کە خۆی لە حزبەکەی تۆ بە پێشکەوتر دادەنا (یەکێتی)،ساڵی ١٩٨٦ برا بچوکەکەم لەگەل من بو بە پیشمەرگە تا راپەرین مایەوە.
ساڵی ١٩٨٨ لە کیمیابارانی ھەلەبجەدا دایکم و براکەی ترم و منداڵەکانی و خێزانەکەی شەھید بون. 
لە دوای شەھید بونت وەک قارەمان ناسرایت،ھاوسەنگەرە زیندوەکانت تۆیان بینیبو کە فیشەکت پێنەمابو بە خنجەرەکەی دەستت پەلاماری دەبابەکانت داو دەبابەیەکی تر لە دورەوە تەقەی لێکردیت و شەھید بویت،سوپاکەی زەعیم سدیق سەریان لە ئازایەتی تۆ سورمابو،بۆیە تەرمەکتیان لە پردی زەڵمەوە بە شوین دەبابەدا راکێشا بۆ ناو سەیدسادق، بە چلەی ھاوین بۆ ماوەی سێ رۆژ تەرمەکتیان لەبەر خۆر ھێشتەوە،لەسەر داوای خەڵکی دڵسۆزی سەیدسادق،دوای سێ رۆژ، سوپا رازیبو تەرمەکەت بە خاک بسپێرن.
دوای شەھیدبونت بویتە مایەی شانازی بۆ بنەمالەکەمان ،لە خۆشی تۆوەھەمومان پاشناوی (گوڵپی) مان ھەڵگرتوە.من دەمویست زۆرترین سود بە دۆزی رەوای گەلی کورد بگەیەنم،ھەستم دەکرد تۆ زو شەھید بویت،دەمویست لە باتی تۆش خەبات بکەم،بۆیە کە ساڵی ١٩٨١ کۆلێژی پزیشکیم تەواوکرد،دوای ساڵێک بوم بە پیشمەرگەو وەک پزیشک، وەک کادر، ھەندێک جاریش وەک پێشمەرگە بەشداری تیکۆشانم کرد.
دوای راپەرین کاتێک بینیم وا سیاسەتی حزبەکانی باشوری کوردستان بەرەو لادان دەروات و لە رێبازی شەھیدان و لە داخوازی خەڵک دوردەکەوێتەوە،کەوتمە بەرەی خەڵک و لەو کاتەوە بەردەوام بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی نارەزایی نیشاندەدەم،دەمەوێت دەسەڵاتی کوردی بگێرمەوە بۆ سەر رێبازی شەھیدان.
دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی وەک تۆ لە دایکبوە،تا دێت لە داخوازی و ئاواتەکانی شەھیدان دوردەکەوێتەوە،ئەوەی کە تۆ بە دایکمت وت بۆ کۆرەکەمی دەکەم و بۆ کوری کورەکەمی دەکەم وا دەرنەچو،ئەوەی تۆ کردت منیش زۆرم خستە سەری،بەڵام دەسەڵات لە لایەن سەرۆک و سکرتیر و رێکخەری حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە قورخ کراوە،کوردستان لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە داگیرکراوە،سامانی ژێرزەمینی کوردستان بە دوژمن بەخشراوە،لە پای ئەو دەوڵەمەندیەی خاکی کوردستاندا،خەڵکی کوردستان خەریکە لە برساندا دەمرن ،دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ناو خۆیاندا ناکۆکن،بەرژەوەندی گشتی گەلی کوردیان فەرامۆش کردوە،خەریکی شەرە حزب و شەرە بنەماڵە و شەرە شار و شەرە ناوچەن،دوژمن لەولاوە خۆی بۆ کورد کردوە بە پەتا،کەچی دەسەڵاتدارانی ھەرێم پشتیان دەخەنە ژێر پێی دوژمن و لە پەتی قەنارە دەیھێننە خوارەوە و زیندوی دەکەنەوە.
دەسەڵاتدارەکانی ئەمرۆی ھەرێم(بە دەرکروا و راونراوەکانیشەوە ) ئەوانەی تۆ بەتەمابویت لە باتی تۆ خۆیان بە خاوەنی کور و کوری کورەکانت بزانن،خزمەتی دوژمانی کورد دەکەن و دژایەتی تێکۆشانی گەلی کوردی پارچەکانی تری کوردستان دەکەن،ئەگەر کەسێکی وەک منیش بەو ھەمو قوربانیەوە خاوەنی مەیلێکی نەتەوەیی و دیموکراتی بێت و پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی پارچەکانی تری کوردستان بکات،بۆ رازیکردنی داگیرکەرانی کوردستان، بە جاسوس ناوی دەھێنن. 
١٢-٨-٢٠١٦
کورە گەورەکەت 
د.فائیق گوڵپی 
پزیشک و پێشمەرگەی شاخ و شار

veterinary medicine. يتم التشغيل بواسطة Blogger.

پەیوەندی

بابەتە پڕخوێنەرەکان

ئەرشیڤ