جینۆسایدی ئاسوریەکان Assyrian genocide

.
جینۆسایدی ئاسوریەکان   Assyrian genocide  :
دکتۆر ناجح گوڵپی:
پیشەکی:
 سەدو یەک (101) ساڵ  تێ دەپەرێ بەسەر جینۆسایدی ئاسوری،سریان،کلدان، ئەرمەن، ی ژێر قەلەمڕەوی دەولەتی عوسمانی   24/4/1915  دانراوە بەساڵڕۆژی ئەو تاوانانە.
گەلی کورد گەلێکی جینۆساید کراوە، بۆیە پیوست دەکات  زانیاریمان هەبێ لەسەر هەموو کۆمەلکوژیەکانی جیهان، ئەمجارە باس لە جینۆسایدی ئاسوریەکان دەکەین، کەتائیستا گرنگەیەکی پێ نەدراوە،بەهۆی ئەوەی هاوکاتە لەگەڵ جینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا، ولەگەڵ ئەویش تێکەڵ کراوە، بۆیە هەردوکیان یەک ساڵیادی هەیە ئەویش 24/4/1915 ،بەلگە مێژوویەکانیش ئاماژە دەکەن  کورد لەم کۆمەڵکوژیەدا دەستی هەبوە بەفیتی دەوڵەتی عوسمانی تێوە گلاوە، بەهۆی سەرقاڵی دەولەتانی جیهانەوە بە جەنگی یەکەمی جیهانیەوە،تورکیا پیلانەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە مەسیحیەکانی ناو دەولەتی عوسمانی ئەنجام دا، لەجەنگدا دەولەتی عوسمانی بوە هاوپەیمانی  ئەڵمانیا و ژاپۆن، دژ بە روسیاو بەریتانیا و فەرەنسا.
جینۆسیادی ئاسوریەکان ،یان کوشتاری سیفۆ (sayfo.seyfo  ) ،بریتیە لە کۆمەڵکوژی گەلی ئاشوری،کلدانی،سریانی  لەلایەن سوپای نیزامی دەولەتی عوسمانیەوە  بەهاوکاری دەستەی تایبەتی  کە دروست کرابوون بۆ هێرش کردنە سەر خەڵکی مەدەنی و دواتر کوشتنیان، لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، بوە هۆی کوشتنی سەدان هەزار کەس  و ئاوارە بونی ئەوانی تر لە شوێنی نیئشتەجێ بونیان لە باشوری ڕۆژهەلاتی تورکیا و باکوری خۆرئاوای ئیران ،کەدەکاتە  ناوچەی ورمێ لەئیران  و ناوچەی ( هەکاری ، وان ،تورعابدین، سیرت )لە تورکیا، لەم شوێنەدا  گەلی کوردیش دەژیا.
ئامارێکی ورد لەبەردەستا نیە کە لەو کوشتارەدا چەند ئاسوری و کلدانی و سریانی کۆمەڵکوژ کراون ،هەندێ سەرچاوەە دەڵێ ( 250-300 ) هەزا کەس  یان زیاتر تیاچوون، ئەم کۆمەڵکوژیە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵکوژی ئەرمن و یۆنانیەکان(یۆنانی بونتک ) ی ژێڕ دەسەلاتی دەولەتی عوسمانی، بەڵام کۆمەڵکوژی ئاسوریەکان تێکەڵ بە ئەرمەنەکان کراوە  زۆرێک لە خەڵک و وڵاتان وادەزانن  کوشتاری ئاسوری و سریانیەکان  بەشێکە لەکوشتاری ئەرمەنەکان، ئەمە راست نیە،هەریەکەیان جیایە.
  تا ئیستا وەک پێوست گرنگی نەدراوە بە جینۆسایدی ئاسوریەکان، بەهۆی نەبونی ولاتێکی سەربەخۆی ئاسوری  کە نوێنەرایەتی ئاسوریەکان بکات لە نێو کۆڕو کۆمەڵی نێو دەولەتیدا ، وە نکۆڵی کردنی دەولەتی تورکیا لەو کۆمەڵکوژیە،  دوو هۆکاری سەرکین بۆ تێکەڵ بونی کۆمەڵکوژی ئاسوری لەگەڵ ئەرمەنیەکاندا.هەربۆیە ئاسوریەکان  زۆر بەیان کوژران و ئەوانی دی هەڵهاتن ،بۆ ولاتانی دراوسێ و پەرشو بلاو بونەووە، وڵاتێکی نەبوو وەک ئەرمەنەکان بیانگرێتە خۆ و  خاوەنداریان لێ بکات، بەپێچەوانەوە  کۆمەڵکوژی ئەرمەن گرنگی پێدراوە لە چەندین دەولەتی جیهان ناسێنراوە و سالانە یادی دەکرێتەوە.
بڕیاری کۆمەڵکوژی  سریان و ئاسوری و کلدان لە کانونی دوەمی ساڵی 1915 دەرچوە ،بەڵام بە کردار لە هاوینی ساڵی 1915 دا جێ بەجێ کرا، زۆر بەداخەوە  کە  سوارەی حەمیدیە و بەکرێگیراوانی کورد و چیچانی و قەرقیزی  هاندراوان بۆ بەشداری کردن لەو کوشتارەدا بە بیانوی جیاوازی ئاین و نەتەوە.
هێرشەکان بۆ سەر یان لە  ولایەتەکانی (دیاربەکر،وان، مەعمورە عزیز) دەستی پێ کردوە ،بۆیە ئاسوریەکان دەچنە شاخەکانی هەکاری، دواتر بەناچاری ئاوارە دەەبن و دەچنە ورمێ.
کۆمەڵکوژیەکان بەردەوام بون لە  پێش جەنگی یەکەم ی جیهانی  و دواتریش(1914-1920 ) ،دەولەتی عوسمانی نەخشەی لە ناوبردنی مەسیحی دانابوو لە ولاتە ئیسلامیەکەیدا، پێش جەنگ ڕیژەی مەسیحی  ٪33 بوو دوای جەنگ بوە بە  ٪0.1 ، لەئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژی و ئاوارە بونی ئاسوری و ئەرمەنی بۆوڵاتانی دراوسێ،وە گۆڕینەوەی یۆنانیەکانی تورکیا  لەگەڵ دەوڵەتی یۆنان.
کۆمەڵکوژیەکان  لەدوای جەنگی جیهانیشەوە دریژەیان پێ درا لەلایە  لایەنگرانی حزبی (تورکیا الفتاة )
کۆمەلەی نێودەولەتی زنایانی جینۆساید لە ساڵی 2007 دا پاش لیکۆڵینەوەی کاری قورس، گەیشتنە ئەو بڕواەیە  کە هەڵمەتەکانی کۆمەڵکوژی مەسیحیەکان( ئاسوری ،سریانی، ئەرمەنی ،یونانی بونتیک)   لەلایە  دەولەتی عوسمانیەوە لە سالەکانی (1914-1923 )  جینۆسایدە.
جینۆسایدی ئاسوریەکان ( کوشتاری سیفۆ) ،ناوێکی لۆکاڵیە بەکار هاتوە بۆ کوشتاری سریانیەکان، (سیف= شمشێر) گوایە کوشتارەکان بەهۆی شمشێرەوە کراون، یان گوتراوە  ساڵی شمشێر،(شاتو دوسایفۆ بەسریانی ) هەروەها  هەمان  ناو دانراوە لە لایەن دەولەتانی ڕۆژئاواوە بۆ کوشتاری هەموو کەمە نەتەوەکان کە لەسەر ئاینی مەسیحی بوون لەلایەن دەوڵەتی تورکی عوسمانیەوە.
هۆکارەکانی کۆمەڵکوژی ئاسوریەکان:
هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ  چەوساندنەوەی ئاینی و نەتەوەیی، تورکەکان هەمیشە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکانی تری هەبوە لە ناو بۆتەی زمان و نەتەوەی تورکدا،کە تائیستاش بەردەوامی هەیە، بۆیە  هەردەم ترسیان لە نەتەوەکانی تر هەبوە  تاشۆرش نەکەن و سەربەخۆیی بەر قەرار نەکەن بۆ خۆیان، بەهۆی ئەم سیاسەتەوە نەتەوەکانی (ئاسوری،سریانی ، کلدانی و ئەرمەنەکان  بۆ خۆپاراستنی خۆیان و پاش ناچار کردنیان لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە ،  بونە سەربازی سوپای ڕوسیا ، وە بەشدار بوون لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا،  بەلام کورد بەهۆی موسڵمان بونیەوە  لەلایەن تورکیاوە پێشوازیان لێ کرا و هەڵیان خەلەتاندن تا لەم جەنگەدا هاوکاری سوپای تورک بن و بەشداری کوشتارەکان بکەن.
دەولەتی عوسمانی تۆڵەی خۆی سەندەوە لەهەموویان، هەر لەسەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە دەولەتی عوسمانی (موسڵمان)  جیهادی راگەیاند دژ بە دەولەتانی مەسیحی ( ڕوسیاو بەریتانیا) ، کوردیش بەهۆ موسڵمان بونیەوە  لەم جەنگەدا تیوە گلاوە، ئیتر مەسیحیەکان  چەندین دەستەی چەکداریان دامەزراند بە پشتیوانی دەوڵەتانی مەسیحی، کوردەکانیش  لە ناو سوپای تورک  کەوتنە ناو ئەو جەنگ و کوشتارانەوە ،دوای جەنگیش بەهۆی گاریگەری حزبی تورکیای فەتات، دنەی کوردەکانیان ئەدا  کە ( سریانی و ئاسوری ،کلدان و ئەرمەن ) لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئێوەن  و دەبنە مایەی ترس و گرژی ،،،، بۆیە هانی کوردیان ئەدا تا جەنگ دژی مەسیحیەکان بکەن .
دابەش بونی دانیشتوانی ( سریان و ئاسوری وکلدان و ئەرمەنەکان ) پێش جەنگی یەکەمی جیهانی:
ئاسوری و سریانی و کلدانەکان،کەمینەی ئاینی و ئەتنی(عرقی)  بون لە نێو دەولەتی عوسمانی دا،لە ( تورکیا،عراق،سوریا،لوبنان )هەرووەها لە (ئێران-ورمێ )  زۆر بەی هەرزۆریان لە گوندەکان دەژیان، سەرەڕای بونی هەندیکیان لە  ناوەندی ولایەتەکانی دەولەتی عوسمانی  وەک (موسڵ،حەلەب، جزیرەی سوریا ،ئامەد ،وان)، بەدرێژایی نێوان ورمێ و ماردین، هەڵبەت  لەم شوێنەدا کوردو ئەرمەنیش هەبوە.
 بە ئاسوریەکانی هەکاریان دەوت ئاسوری شاخاوی، بەلام بە  کلدان و سریانی دەشتەکانی موسڵ و عەینکاوە، ئامێدی،بەرواری  و ورمێ دەوترا ئاسوری دەشتەکی.
 ( کلدان و ئاشور) ، سەر بەکەنیسەی ( ڕۆژهەلات ی ئاسوری، کلدانی کاتۆلیک،ئەرتۆدۆکس، پرۆتستانت  ) ن ، هەروەها ( سریان )  سەر بە کەنیسەی ( ڕۆژئاوای کاتۆلیک،ئەرتۆدۆکس ) ، ژمارەیان بە نزیکەیی  وەک یەک بوە، دەلێن نزیکەی  حەوت سەد هەزار تا ملیۆنیک  کەس بوون، لە ورمێ ، هەکاری،وان ،دیار بەکر، تورعابدین  ژیاون لەگەڵ کوردو ئەرمەن.
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا ،بۆ زیادکردنی دەسەلات و قەلەمرەوی خۆیان، میرنشینە کوردیەکان ( میری سۆران ) لەڕەواندوز،  چەندین جەنگ و کوشتاری بەکۆمەڵ ئەنجام دراوە دژ بە مەسیحیەکان لە ناوچەی بەرواری ،تەنانەت  فەرمان دژ بە ئێزیدیەکانی شەنگالیش روی داوە، لەوکاتەدا دەولەتی عوسمانی سەرقاڵ بوە بە جەنگ دژ بە محمەد عەلی پاشا( والی میسر )،  قەڵەمرەوی میری سۆران زۆر بوە، دواتر عوسمانیەکان ڕێگەیان لێ گرتوە و دایان مرکاندۆتەوە.
 هەروەها ،میرنشینی بۆتانیش چەندین کوشتاری دژ بە مەسیحیەکانی دەشتی نەینەوا و بەرواری ،ئەنجام داوە، لەکۆتایدا بە هۆی فشاری دەولەتانی ڕۆژئاوا لە بابولعالی  وەستێنراوە.
تۆرعابدین زۆرترین شوینی نیشتەجێ  سریانی ئەرتۆدکس بوە،دواتر هەندیکیان بون بە سریانی کاتۆلیک،ساڵی 1884 هەرچی قوتابخانەی مەسیحی بو داخران بەفەرمانی بابولعالی، هەەروەها لەساڵی 1885 دا  لە ولایەتی دیار بەکر،زنجیرە کۆمەڵکوژیەک روی دا، و ژمارەی سریانی زۆر کەمی کرد ،بەجەشنێک بونە پێنج یەکی دانیشتوان، بەلام کوردەکان  ٪50  نیوەی دانیشتوانیان پێک دەهێنا ( ئەوکاتە ژمارەی دانیشتوانی تور عابدین  45000 کەس بووە ) .

 دەسپێکی کوشتار و کۆمەڵکوژیەکان:
پێش دەسپێکی جەنگی یەکەمی جیهانی ، دەولەتی عوسمانی ڕێک کەوت لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحی کەنیسەی ڕۆژهەلاتی کلدانی  بە کردنەوەی قوتابخانە بۆ ئاسوریەکان، بەمەرجێك لە پاشەڕۆژدا بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن لە هەر جەنگێک  لەنیوان تورک و ڕوسیادا ،ئاسوریەکان  وایان کردو خۆیان بێ لایەن کرد، نە لایەنگری ڕوسیان نە بونە سەرباز لە گەڵ دەستە جەکدارەکانی ئەرمەندا.
لەئەنجامی تێکشکانی هێرشی عوسمانیەکان لە بەرەی قەوقازدا دژ بەروسیا، تورکەکان پەیمانەکەی خۆیان شکاند لەگەڵ ئاسوریەکاندا، بیریان لە گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەی جەنگ کردوە، ئەو ناوچە شاخاویە  ئەرمەنی نشین بوو،کە شەرەکانی تیدا دەکرا، بۆیە  خەڵکی ئەرمەنی ئەو ناوچە توشی راگواستن و چەوساندنەوە بون، دواتریش دەولەتی عوسمانی جیهادی راگەیاند دژ بە مەسیحیەکان بەگشتی ، لە  (12/تشرینی دوەمی ساڵی 1914 ) دا، ئیتر کوشتارەکە  هەموویانی گرتەوە،پاشان لەسەرەتای ساڵی 1915 دا عوسمانیەکان  لەشەڕیکدا سەرکەوتن و تەورێزو ورمێان داگیرکرد .
لەم کاتەدا سوپای دەولەتی عوسمانی  بەهاوکاری کوردەکان لە هەکاری و وان دەستیان کرد بە هیرش بۆ سەر ئەرمەن و ئاسوری کلدان لەژێر سەرکردایەتی والی وان ( جەودەت بەگ )  هەروەها لەشاری دیاربەکر و جزیرو ماردین بە سەرکردایەتی ڕەشید بەگ بوو.
کوشتن و تالان کردن ، دەسگیرکردنی پیاوماقولان و کاری قورس  و حەماڵی پێکردنیان  لە ناو سوپادا ، دواتر دەیان کوشتن،هەر لەو سەرو بەندەدا قونسڵی ئەڵمان بەرقیەی کردوە بۆ ولاتەکەی کە ئاسوریەکانی وان توشی کۆمەلکوژی بونەتەوە لەلایەن دەسەلاتی لۆکاڵی ناوچەکەوە .
دەسگیرکردنی برای بەتریارکی ئاسوریەکان هرمز شەمعون لەئەستەمبوڵ و دواتر گواستنەوەی بۆ موسڵ  وەک بارمتە ، داوایان لە مار شەمعون(برای هرمز شەمعون )   سەرۆکی ڕۆحی کەنیسەی ڕۆژهەلاتی ئاسوری وکلدانی بوو، کە داوایان لێ کرد  بەگوێ سەرۆک هۆزەکانی ئاسوری نەکات و  نەهێلێ ئاسوریەکان ببنە هاوپەیمانی ڕوسەکان،  بەلام مار شەمعون  ڕەتی کردوە  وتی ژیانی خەڵکەکەمم  لاگرنگترە لەژیانی براکەم، ئیتر هرمز شەمعون ئیعدام کرا، شەڕ هەڵگیرسا لەنێوان عوسمانی و ئاسوریەکاندا ،شەڕو پێکدادان لە  هەکاری وشاخە بەرزەکان بەردەوامی هەبوو ،سوپای روسی کۆمەکی نارد بۆ ئاسوریەکان بەلام ئەویش تێکشکا لەلایەن کوردەکانەوە، ئاسوریەکان خۆیان لەشاخە بەرزەکان گیر کردبوو، گوندەکانیان لەخواروە  تالان کران و سوتێنران، بەفرو سەرماو برسێتی تەنگی بەوانەی سەرشاخ هەڵچنی، لەلایەن سوپای عوسمانیەوە ئابڵۆقە درابوون، بۆیە هەرچۆنێک بوو  زیاتر لە پەنجا هەزار ئاسوری توانیان لەڕێگای سەختەوە  خۆیان بگەیەننە  دەشتەکانی ورمێ و لەوێ نیشتەجێ ببن.
دوای شکانی دەولەتی عوسمانی لە شەڕێکدا لە نیسانی 1915 دا، ئیتر کەوتنە گیانی  ئاسوری کلدانیەکانی شاری سیرت  و دەوروبەری ،  بەفەرمانی جەودەت پاش او خەلیل پاشا هەر هەمویان گرتن و دواتر بە کۆمەڵ کوژران دوای ئازارو ئەشکەنجەو  ڕێ کردن و برسێتی و ڕووت کردنەوەیان ،  ئەفسەرێکی فەنزوێلی کەلەگەڵ سوپای عوسمانی بوە  دەگێڕێتەوە دەلێ، دەوروبەری ڕێگاکان پڕ بوە لە لاشەی کوژراوان ،بەروتی و خەڵتانی خوێن بوون، ڕێکردن زۆر ئاستەنگ بو،هەروەها خەڵکی مەدەنی دەکەوتنە شوین پۆلیس لەناو شارەکان بۆ تاڵانی مالە مەسیحیەکان، کۆچی زۆرەملی و دورخستنەوەی هەزارن خەڵکی ئاسوری و سریانی و کلدانی و ئەرمەن بۆ بیابانەکانی سوریا  دڵڕەقانە ترین دیمەنی کۆمەڵکوژی مەسیحیەکان بوە ، لەرێگا  بەروتی  ڕێکردن و برسێتی و ئەشکەنجە و دەسدرێژی سیکسی ...هتد  زۆربەیانی فەوتاند.
بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن کە وەزیری جەنگی تورکیا(تەلعەت پاشا) فەرمانی دەرکردوە بە کۆمەلکوژی (سوتاندن و روخان وێرانکردن)
لە مەیدانی شارەکان  زۆرێک لەگەنجانی ئاسوری کۆمەڵکوژ دەکران دواتر دەسەڵاتی سوپا  وێنەیان دەگرتن و وا بلاویان دەکردوە لەناو خەڵکدا ئەمانە  تورکن و ئاسوریەکان کوشتویانن، بۆ پەردەپۆشی تاوانەکایەن و هاندانی خەڵک دژی مەسیحیەکان، بەم جۆرە کوشتاری ئاسوری و کلدان و سریان و ئەرمەن لە زۆربەی شارەکان  بەردەوام بوووەک دیار بەکرد،ماردین،نصێبین،ئەزەخ،،،هتد.
کوشتاری ئاسوریەکانی شاری ورمێ و دەوروبەری بەهەمان شیوە  دەستی پێ کرد  دوای ئەوەی لەهێرشێکدا عوسمانیەکان شاری ورمێ و تەورێز لەساڵی 1915 کۆنترۆڵ کرد، دواتر لە هاوینی ساڵی 1915 دا عوسمانیەکان شکان و روسەکان کۆنترۆڵی شوێنەکانی خۆیان کردەوە، ئیتر تا ساڵی 1917 ئەو ناوچانە  هێور بونەوە، بەلام لە بەهاری هەمان ساڵدا شەڕو کوشتار دەستی پێ کردەوە، ئاسوریەکان توانیان کۆمەلێ سەرکەوتن بەدەس بهێنن و  سەربازانی تورک وکورد بشکێنن، ئەویش بەهۆی هاتنی سوپای بەریتانیا بوو بۆ بەغدا لە ئازاری 1917 ، لەهەوڵدا بون بۆ کردنەوەی ڕێگایەک لە نیوان ئاسوریەکانی ورمێ بۆ بەغدا، بۆیە شەڕەکان لە ناوچەی مەرگەوەرو تەرگەوە  و ئۆرامار ڕویان دا.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا  بوە هۆکاری تێکشکانی سوپای ڕووس و کشانەوەی، ئەمەش وای کرد کە سوپای عوسمانی جارێکی تر بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئاسوریەکانی ورمێ، بەلام لەئەنجامدا  ئاسوریەکان سەر کەوتن و حکومەتیکی لۆکاڵیان بۆ خۆیان دامەزراند لە ساڵی 1918 دا.
دەگێڕنەوە دەلێن دەسەلاتی ئاسوریەکان لەورمێ کەم بوە ،لەو کاتەدا سمکۆی شکاک  کشانەوەی سوپای ڕوس و تورکی بەهەل زانیوە، داوەتی  شەمعون بنیامینی  بەتریارکی ئاسوریەکانی  کردوە تا کو گوندەکانی ژێردەسەلاتی بەسەربکاتەوە ، دواتر کوشتویەتی(تیرۆری کردوە)،ئیتر گرژی و شەڕ سەری هەڵداوەتەوە لە ناوچەکە ،پاش ماوەیەک لەسەر داواکاری حاکمی تەورێز، مارشەمعونی ئاسوریەکان و سمکۆی شکاک کۆ دەبنەوە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەلام تۆلەی خۆیان دەکەنەوەو سمکۆ گولە باران دەکەن، ئەمە کەلتوری ئەو سەردەمانە بوە.
هاتنی بەریتانیا بۆ باکوری ڕۆژئاوای ئیران ،و شەڕو کوشتار وای کرد کە  ئاسوریەکانی دەشتی ورمێ ،ڕەو بکەن لەگەڵ بەریتانیەکان، هەم بۆ پاراستنی خۆیان هەم بەریتانیا دەیویست وەک سەرباز سودیان لێ ببینێ، دواتر لە باقوبەو حەبانیە جێگیری کردن.
دەوڵەتی عوسمانی  هەردەم لەهەوڵدا بوە بۆ شاردنەوەی بەڵگەنامەکان،ئەمەی خواروە بەڵگەنامەیەکە باس لە کوشتاری ئاسورییەکانو ئەوانی تر دەکات:
(لەڕاپۆرتێکدا پرۆفیسۆر داڤید کاوند لە زانکۆی سودرترن لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید پەخشی کرد ، بەلگەنامەیەک لە  ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی دەستی کەوتوە  ،لەبەڵگەنامەکدا کوشتاری ئاسوری وئەرمەن وکلدانیەکان دەرئە خات لە ولایەتی  دیاربەکر بەم شیوەیە:
(ژمارەی دانیشتوانی ئەرمەنی گریگۆری 60 هەزار کەس بوون،  58 هەزاریان کوژراون  واتە  بە ڕێژەی ٪97 پاکتاو کراوان، ژمارەی ئەرمەنی کاتۆلیک  20020 کەس بوە، 11010 کەسیان کوژراون  واتە ٪92 ، ژمارەی کلدان 11020 کەس بون، 10100 کەسیان کوژراون واتە ٪90 ،، ژمارەی سریانی ئەرتۆدۆکس  84725 کەس بوون ، 60725 کەسیان کوژراوان ،واتە بەڕێژەی ٪72 ،ژمارەی سریانی پرۆستانت 725 کەس ، 500 کەسیان کوژراون  واتە بەڕێژەی ٪69 )

کۆچی زۆرەملی بەردەوام بوو:
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی ، کەمال ئەتاتورک  پاشماوەی سریانو ئەرمەن و کلدانی و ئاشوریەکانیان ( لە جزیرەی باکور) بەزۆر کۆچ پێ کردن بۆ باکوری سوریا ،بەتایبەت شاری حەلەب،  کەڕێژەیەکی زۆری ئاسوری تێدا کۆبویەوە ،ئاسوریەکانی ماردین و نصێبین کۆچیان کردە شاری قامیشلو،ئاسوریە کاتۆلیکەکان کۆچیان کردە لوبنان ،تاساڵی 1971 پێناسی لوبنانیان وەرگرت.
هەروەها دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و هێوربونەوە، ئەو ئاسوریانەی لەورمێ ساڵی 1918 دەربەدەر بون گەرانەوە  بە ڕێک کەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیران، هەروەها ئاسوریە کانی بەرواری لە عیراق ئەوانیش گەرانەوە زێدی خۆیان، بەڵام دەولەتی تورک رێگەی نەدا بە گەراندنەوەیان بۆ تورکیا،بۆیە هەندیکیان لە کوردستان لەپاریزگای دهۆک جێگیر کران ، بەلام دواتر لەلایەن سوپای عیراقە توشی کۆمەڵکوژی هاتن لەساڵی 1933 کە بە کۆمەڵکوژی  سمێڵ ناسراوە نزیکەی 3هەزار ئاسوری کوژران، ئەویش بە پاساوی ئەوەی گوایە ئاسوریەکانی ئەو شوێنە دەیانەوێ کیانێکی سەر بەخۆ بۆ خۆیان دابمەزرێنن ، دواتر ئەوانی تر کە 15 هەزر کەس دەبون  دەربەدەری ناو پاریزگای حەسەکە بون لەوێ جێگیر کران.
ڕێگاکانی کۆمەڵکوژ کردنی ئاسوریەکان:
چەندین ڕێگا بەکار هێنراوە بۆ کوشتاری سریانیەکان  لەوانە بەکار هێنانی چەکی سپی (سلاح ابیض) مەبەست لە شمشێر و خەنجەرو چەقۆ،تەور ...هتد، چونکە ئەم جۆرە لەو سەردەمەدا باو بوە و خەرجی تێ ناچی لە چاو بەکار هێنانی چەک و گولە، هەر بۆیە ناوی لێ نراوە کوشتاری سیفۆ یان سەیفۆ.
سەرچاوەکان دەلێن لەسەرەتای دەسپێکی کوشتاری سریان و کلدان و ئاسوریەکاندا، لە شاری دیاربەکر  هەزار پیاو ماقوڵ و دەم سپی سریانەکان  دەس گیر دەکرێن  لەلایەن دەسەلاتی تورکەوە  بەبیانوی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆلەت، دواتر بە لێ سەندنی بڕیک پارە بەریان ئەدان، بەردانەکش ئەوە بو لە قەراخ روباری دیجلە لەخواروی شارەوە  دەیان خستنە سەر کەڵەکێکی تەختە و ئەیان دان بە دەم ئاوی دیجلەوە ، بەروتو قوتی ، گوایە دەیان نێرن بۆ موسڵ ،ئینجا دەیان کوشتن و دەکەوتنە ژێر ئاوەکە، کەڵەکە ئاوەکانیش بە بەتاڵی دەگەیشتنە موسل، دەلێن خەڵکی موسڵ ئەو کەڵکە تەختانەیەن بەبەتاڵی لەئاوی دیجلەدا دیوە، ئەم کارە چەدنین جار دوبارە دەکرایەوە، هەر بۆیە بە کەسوکارەکەیان دەوت کەڵەکەکان بە سەلامەتی گەیشتونەتە موسل( وەک لەوێنەکەدا دیارە )
            
قونسڵی ئەڵمان نارەزایەتی دەربڕیبو لەسەر ئەم کردوانە، لای والی موسڵ،  والی موسلیش خەتاکەی خستبوە سەر والی دیاربەکر، پاشان والی دیاربەکر ڕۆشتبویە لای بەتریارکی  ئەرمەنی شارەکە وتبوی پیوستە وەفات نامە بۆ ئەو خەڵکە دەربکەی  و بنوسی  بە روداوی سروشتی مردوون، ئەویش ڕەتی کردبوەوە، لەئەنجامدا ددانیان درهێنابو ڕیشیان تاشی بوو،لەناوشاراد اهەڵیان واسیبو ،بە داردا وچاویان دەرهێنابوو یەک بزماریان لە تەویلی دابو، دەسدرێژی بۆ سەر ژنو مالو مناڵی کرابوو.
لە نصێبین وجزیرەی عمر، ئاسوریەکانیان سەرپشک کردبو یان موسڵمان بن یان ئەدرێن بەدەم ئاوەوە، لە ماوەی دوڕۆژدا 800 پیاو کوژران، ژنەکانیان دەسدرێژیان کرایە سەر.
دکتۆر فلۆید  نێدراوێکی ئەمریکا بوو لە دیاربەکر بینیویەتی کە کوردەکان هەڵخەلەتینراون لەلایەن سوپاوە کە هیرش بکەنە سەر گوندی (قەرەباش) لەباکوری شارەکەیە، دەسکەوتەکانی گوند  بۆ خۆیان بێت بەمەرجی کوشتنی پیاوەکانیان، ئەمە یەکەم گوند بوە لەسنورەکە  زۆربەی پیاوەکانی کۆمەڵکوژ کراوان.
پاش ئەوەی پیاوەکان بە چەقۆ و شمشێر و تەور و گولە  دەکوژران، ژنو منالەکان کۆدەکرانەوە بەزۆر کۆچیان پێ دەکردن،دەسدریژی سیکسی بەردەوام دەکرایە سەر ژنەکان، لەڕێگادا بەرەو بیابان ، ڕەشید پاشا لەنزیک ماردین لە گوندی (غولیکە ) قافلەیەک دەبینێ  ،(800) مناڵیان لەگەڵ دەبێ، هەرهەمویان  دەکاتە بینایەکەوە بەدەستی خۆی ئاگریان تێ بەرئەدات ودەیان سوتێنی.
ناساندنی نێودەولەتی کوشتاری سیفۆ:
کوشتاری سیفۆ یان جینۆسایدی ئاسوریەکان، گرنگی پێوستی پێ نەدراوە لە کۆڕو کۆمەڵی نیودەولەتیدا، ئەویش بەهۆکاری تێکەڵ کردنی لەگەل جینۆسایدی ئەرمەن ، نەبونی دەوڵەتێکی سریان تا پشتیوانی و کۆمەکیان بکات خاوەنداریان لێ بکات بۆ بردنە پێش و ناساندنی تاوانەکە.
بەلام لەم سالانەی دوایدا هەندێ دەولەت و ڕیکخراو تاوانەکەیان بە جینۆساید ناساندوە وەک:
یەکەم: کۆمەڵەی جیهانی زانایانی جینۆساید ( ڕیکخراوێکی ئەکادیمی جیهانیە گرنی ئەدات بە جینۆسایدی گەلان )لە کانونی یەکەمی ساڵی 2007 دا  بڕیاریان دا کە کۆمەڵکوژیەکانی ئاسوری،کلدان ،سریان،ئەرمەن لە لایەن دەولەتی عوسمانیەوە جینۆسایدە،وە پیوستە دەولەتی تورک دانی پیدابنێ و داوای لێ بوەردن بکات و قەرەبویان بکاتەوە.
دوەم :پەرلەمانی سوید لەساڵی 2008  کۆمەڵکوژی (سریان،ئاسوری ،کلدان،ئەرمەن ) جینۆسایدە کە لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە ئەنجامدراوە.
سێیەم:  هەندێ کەسایەتی و دامەزاروە وڕێکخراوی کوردی داوای لێبوردن و عوزر خوایان هێناوە تەوە بۆ ئاسوری و ئەرمەنەکان  وەک ( عەبدولا ئۆجەلان،پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ، کەنەکە )

نکۆڵی کردن لە کوشتاری ئاسوریەکان:
تەنها هەردوو دەولەتی تورکیا و ئازەربایجان نکۆڵی لە کۆمەڵکوژی ئاسوری،سریان،کلدان،ئەرمەن دەکەن ،تورکەکان دەڵێن کۆمەڵکوژی روی نەداوە ،ئەو ژمارە ی باسی لی دەکرێ زیاد کراوە و سوپای تورک دەستی نەبوە لەو کوشتارەدا خۆیان لە  کاتی جەنگا بەهۆی برسێتی نەخۆشی وە مردون ژمارەیان ناگاتە 300 هەزار کەس، کۆمەڵێ پاساو دەهێننەوە بۆ کوشتارەکە  و دەلێن:
1-       ناکۆکی و ململانێی ڕەگەزی و ئیتنی لەنیوان مەسیحی وکوردە موسڵمانەکاندا  هۆکاری سەرەکی بوە بۆ کوشتارەکە، ئەمە هەڵبەستراوی تورکەکانە  کە خۆیان تاوانباری سەرەکین ویستویانە بیخەنە ئەستۆی کوردەکان، لەکاتیکدا ئەوانیش وەک مەسیحیەکان  چەوساوە بون  لەژێڕ دەسەلاتی دەولەتی عوسمانیدا بەهۆ جیاوازی نەتەوەوە.
2-      برسیتی: تورکەکان دەڵێن ئەو خەلکە بەهۆی برسێتی وە مردون و سوپا نەی کوشتون،گوایە لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتریش دەولەتانی هاوپەیمان ئابڵؤقەی هاوردەکردنی گەنم  یان خستۆتە سەر دەولەتی عوسمان، ئەو برسێتیە لە مێژودا بە ( گرانی یان گرانیە گەورەکە ) بەناوبانگە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و بەشیک لەئەوروپای گرتەوە.
3-      دەولەتی تورکیا لە 1/6/ 2005 یاسایەکی دەکردوە  بەناوی ( ئیهانەی هەویەی تورکی)  دەڵێ هەرکەس باس لە رودانی  کۆمەڵکوژی لە سەردەمی دەوڵتی عوسمانیدا بکات ئەوا بەپێی یاسا سزا ئەدرێ، هەروەها لە هاوینی سالی 2011 دا کتێبێک دانراوە لەلایەن کۆمەڵێ وانە بێژەوە  باس لەنکۆڵی رودانی کوشتاری ئاسوریەکان دەکات، هەروەها ئاماژە کراوە بەوەی ئاسوریەکەن بونەتە بەکرێ گیراوی روسیا لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا و خەنجەریان لەپشتی دەوڵەت داوە،تائیستاش بەکرێ گیراوی بێگانەن،  ئەم کتیبە توشی ڕەخنەیەکی زۆر هاتوە و وەسف کرا بە ڕەگەز پەرستی.
4-      لەکاتی داداگایی کردنی سەرکردەکانی تورکیای فەتات لەلایەن ئەتاتورکەوە  لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ ، ئەو سەرکردانە  دانیان بەوەدا ناوە  و لەکاتی دادگایی کردنەکەد ا وتویانە هاوڵاتیان و سەربازانی تورک سامناکترین کوشتاری بەکۆمەڵیان ئەنجام داوە دژ بە ئاسوری و ئەرمەن وسریان وکلدان لەتورکیادا( سوتاندنی مناڵ و ژن، دەسدرێژی،تالانکردنی مالو حاڵڵیان،،،هتد)

یاد کردنەوەی کوشتارەکە:
·         ڕۆژی 24/4 هەموساڵێک  ساڵرۆژی یادی جینۆسایدی ئاسوریەکانە، هەمان ڕۆژی ئەرمەنیەکان ، لەم ڕۆژەدا زیاتر لە 250 کەسایەتی ئەرمەن لە ناوشاری ئەستەمبوڵ لەسێدارە دران .
·         ڕۆژی 7ی ئابی هەموو ساڵێک یادی کوشتاری ئاسوریەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیە  کە هاوکاتە لەگەڵ کوشتاری سمێل لەساڵی 1933
·          سالانە لەوشوێنانە یادی کوشتارەکە دەکرێتەوە کە مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئاسوری و ئەرمەنی  تیدایە  وەک ئەرمینیا، ئوسترالیا،سوید،فەرەنسا، ئەمریکا، هەروەها لەو ڵاتانەی هەندەران کە ڕێژەیەکی زۆری ئاسوری وکلدان و سریانی تیدا بێت.


چەند بارەبونەوەی کۆمەلکوژی مەسیحیەکان( ئاسوری،سریان ،کلدان )
بەداخەوە  دوای نزیکەی سەد ساڵ  جارێکی تر مەسیحیەکان لە دەشتی  نەینەوا هاوشانی ئێزیدی و شەبەک ، توشی  کوشتار و کۆچی زۆرەملێ وتالانکردنی خانو و موڵک و بە زۆر موسڵمان کردن دەبنەوە، لەلایەن هەمان بیری دەولەتی عوسمانیەوە بە نوێنەرایەتی  چەتەکانی داعش، کە لەبەرچاوی دونیاوە  دوبارە دەولەتی تورک و ئەردۆغان پشتیوان و ماکینەی ئەو کۆمەلکوژیەیە.
***************************************
تێبینی:
1-      هەموو کۆمەڵکوژیەکانی جیهان لەلایەن دەوڵەتەوە  ئەنجام دراون، بەهۆی بونی هێزی سەربازی و دەستەی چەکدار،بۆیە  لەکۆمەڵکوژی ئەرمەن و ئاسوری و سریان و کلدانیەکاندا، کۆمەڵێ کوردی بەکرێ گیراو (سوارەی حەمیدیە ) بەشدار بون لەو کوشتارەدا و لەچوار چیوەی هیزی سەربازی دەولەتی عوسمانی دا بوون ،لەروی یاسایەوە ئەم تاوانە  ناکەوێتە سەر گەلی کورد ،چونکە ئێمە دەولەتمان نەبوە نیە، خۆ فرۆشان نابنە نوێنەری هیچ نەتەوەیەک  وە تاوانکاری سەرەکی دەوڵەتی تورکی عوسمانی بوە، هەر بۆیە پیوست دەکات گەلی کورد لە هەر چوار پارچە و هەر لایەک بەپیی بونی خۆی داوای لێبوردن بکات لەگەلی ئاسوری و ئەرمەن و کلدان و سریان بکات .
2-      ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەدریژایی میژوو ئەنجام دراون  بە کوشتار(مذابح) ناویان هاتوە، تا کۆتایی ساڵی 1933 پاش ئەوەی لەلایەن  رافائیل لیمکن بەشیوەیەکی یاسایی پێناسەی کرا بە ناوی ( جینۆساید) لەبەردەەم کۆمەڵەی نەتەوەکان دا لە مەدریدی پێتەختی ئیسپانا ،دواتریش لەساڵی 1948 یاسای بەربەند کردنو سزادانی جینۆساید لە نەتەوەیەکگرتوەکان  پەسەند کرا.



د.ناجح گوڵپی 23/4/2016 
veterinary medicine. يتم التشغيل بواسطة Blogger.

پەیوەندی

بابەتە پڕخوێنەرەکان

ئەرشیڤ