بۆ مه‌سه‌له‌ی جودا کردنه‌وه‌ی زمان له له‌هجه و په‌یوه‌ندی له‌هجه به زمانی نه‌ته‌وه. ئه‌م باسه‌ی خواره‌وه به‌شێکه له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌و پرسه نووسراوه که هه‌ورامی له‌هجه‌یه‌کی کوردییه زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نیه. هه‌ر له دوو توێی ئه‌م باسه ڕوون کراوه‌ته‌وه که به چی پێوه‌رێک ده‌کرێ له‌هجه له زمان جودا بکرێته‌وه.
له‌هجه و زمان
توێژینه‌وه له باره‌ی له‌هجه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی و جودا کردنه‌وه‌ی له‌هجه له زمان یه‌کێکه له بابه‌ته گرنگه‌کانی زمان‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تی sociolinguistics چونکه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌وه هه‌یه که ئه‌و زمان و له‌هجانه ئاخاوتنی پێ ده‌که‌ن. له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م لقێکی زمان‌ناسی به ناوی له‌هجه‌ناسی dialectology په‌یدا بوو به مه‌به‌ستی لێکۆلێنه‌وه له له‌هجه و کۆکردنه‌وه‌ی له‌هجه مه‌حه‌لییه‌کان به تایبه‌ت هی گونده‌کان، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ زمانی دایک، کێشه‌ی له‌یه‌کگه‌یشتن و له‌یه‌کنه‌گه‌یشتنی ئاخێوه‌رانی ئه‌و له‌هجانه له‌گه‌ڵ یه‌ک، سه‌ره‌ڕای روونکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌هجه له‌گه‌ڵ زمانێکی ستانداردی خوێندن و نووسین.
زمان‌ناسان تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته پێوه‌رێکی راست و دروست بۆ جیا کردنه‌وه‌ی له‌هجه له زمان. هه‌ندێک تێگه‌یشتن له زمانی یه‌کدی ده‌که‌ن به بنه‌مایه‌ک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی زمان له له‌هجه، واته ئه‌گه‌ر دوو شێوه ئاخاوتن له یه‌ک تێبگه‌ن ئه‌وا دوو له‌هجه‌ی زمانێکه، ئه‌گه‌ر له یه‌کدی تێنه‌گه‌ن ئه‌وا دوو زمانه. ئه‌م پێوه‌ره له نێوان هه‌ندێک زمان به ڕاست ناگه‌ڕێ، بۆ نمو‌نه له نێوان زمانه ئه‌سکه‌ندناڤییه‌کان وه‌ک سوێدی و نه‌رویجی و دانیمارکی که هه‌تا راده‌یه‌کی باش ئه‌م زمانانه له‌یه‌ک تێده‌گه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه نابێ له‌هجه بن، چونکه ئه‌مانه زمانی سه‌ربه‌خۆی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن. یان له نێوان زمانی چیکی و سلۆڤاکی که به چاکی له‌یه‌ک تێده‌گه‌ن به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوو زمانن و خاوه‌ن دوو ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی جیاوازن. هه‌ندێک له‌هجه‌ش که له‌یه‌ک تێناگه‌ن وه‌ک له‌هجه‌ی عه‌ره‌بی مه‌غریبی له‌گه‌ڵ له‌هجه‌ی عه‌ره‌بی عێراقی، که‌چی ئه‌م دوو له‌هجه‌یه به دوو له‌هجه‌ی عامی زمانی عه‌ره‌بی داده‌نرێن، یانیش تێنه‌گه‌یشتنی ئاخێوه‌رانی هه‌ندێک له‌هجه‌ی کوردی له‌یه‌ک، ناکرێ پێوه‌رێکی راست بێ که ئه‌و له‌هجه کوردییانه، کوردی نه‌بن.
هه‌ندێکی دی پێکهاتی زمانی وه‌ک جیاوازی ڕێزمان ده‌که‌ن به پێوه‌ر، واته ئه‌گه‌ر پێکهاته زمانییه‌که له‌یه‌ک نزیک بوو یان وه‌ک یه‌ک بوو، ئه‌وا دوو له‌هجه‌ی زمانێکه، ئه‌گه‌ر له‌یه‌ک دوور بوون ئه‌وا دوو زمانن. ئه‌م پێوه‌ره بۆ جیا کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک زمان له‌یه‌کدی راسته، وه‌ک کوردی و تورکی و کوردی و عه‌ره‌بی، یان ئینگلیزی و چینی که به پێکهاتی زمانیی و به وشه و زاراوه و موفره‌دات و ڕێنووسیش ته‌واو له‌یه‌ک دوورن، به‌ڵام بۆ هه‌ندێک زمانی دی ئه‌م پێوه‌ره‌ش سه‌رکه‌وتو نییه. سوێدی و نه‌رویجی و دانیمارکی له رووی پێکهاتی زمانه‌وه زۆر له‌یه‌ک نزیکن، به‌ڵام ناکرێ به له‌هجه دابنرێن، ئه‌مانه زمانی سه‌ربه‌خۆن، یان کرواتی و سربی و بۆسنی له رووی پێکهاتی زمانه‌وه ته‌واو وه‌ک یه‌کن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به سێ زمانی سه‌ربه‌خۆ داده‌نرێن، هیندی و ئوردو و پونجابی چ له رووی پێکهاتی زمانییه‌وه چ له رووی وشه‌وه زۆر له‌یه‌ک نزیکن، به‌ڵام ئه‌مانه له واقیعدا زمانی جیاوازن. هه‌ر بۆیه زمان‌ناسان هاتونه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که زمان و له‌هجه ناکرێ ته‌نها و ته‌نها به مه‌فهومێکی زمانه‌وانی وه‌ربگیرێ، به‌ڵکو زۆر هۆکاری دیکه‌ی غه‌یری زمانی وه‌ک بارودۆخی سیاسی و مێژوویی و جوغرافی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری ده‌وریان هه‌یه له بڕیاردان له‌سه‌ر ناسنامه‌ی زمان و له‌هجه. ئه‌گه‌ر هه‌ر سێ زمانی ئه‌سکه‌ندناڤی( سوێدی و دانیمارکی و نه‌وریجی) سه‌ره‌ڕای تێگه‌یشتنیان له‌یه‌ک که به زمانی سه‌ربه‌خۆ داده‌نرێن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چونکه هه‌ر سێ زمان، سێ زمانی ستانداردی خاوه‌ن ڕێنووس و کتێبی ڕێزمان و ئه‌ده‌بیاتی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، سه‌ر به سێ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی جیاوازن و ئاخێوه‌رانیشیان زمانه‌کانیان به زمانی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانن.
بۆ زیاتر رۆشن کردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، بارودۆخی زمانیی و له‌هجه‌یی چه‌ند وڵاتێک به نمو‌نه باس ده‌که‌ین. له ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان هۆڵه‌نده و ئه‌ڵمانیا، به درێژایی مێژوو جۆرێک له نزیکی و له‌یه‌کگه‌یشتنی له‌هجه‌یی هه‌بووه و هه‌یه، که له له‌هجه‌ناسیدا پێیده‌گووترێت( dialect continuum) خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه بۆ ئاخاوتن په‌نای بۆ ده‌به‌ن. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی هه‌ردوو لای سنوور له قوتابخانه و زانکۆ و سیسته‌می ئیداری، زمانی ستانداردی هۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانی به کاردێنن، که ئه‌وان به‌م دوو زمانه ستاندارده له‌یه‌ک تێناگه‌ن، به‌ڵام به له‌هجه‌ی ئاخاوتنی رۆژانه‌ی خۆیان له‌یه‌ک تێده‌گه‌ن. له دیوی هۆڵه‌نده خه‌ڵک ده‌ڵێن ئه‌مه له‌هجه‌یه‌کی هۆڵه‌ندییه، له دیوی ئه‌ڵمانیاش ده‌ڵێن ئه‌مه له‌هجه‌یه‌کی ئه‌ڵمانییه که ئه‌و دوو کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه له‌گه‌ڵ یه‌ک پێی ده‌دوێن. له‌یه‌ک گه‌یشتی ئه‌و خه‌ڵکه له‌گه‌ڵ یه‌ک، ئه‌و دوو له‌هجه‌یه‌ی نه‌کردووه به دوو له‌هجه‌ی یه‌ک زمان. لێره‌دا ئه‌و هۆکاره‌ی که ئه‌و دوو له‌هجه‌یه له یه‌ک جیا ده‌کاته‌وه، جیاوازی په‌یوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی و سیاسی گه‌لی هۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانییه، سه‌ره‌ڕای جیاوازی و سه‌ربه‌خۆیی ناسنامه‌ی زمانیی هۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانی، ده‌ستنیشانی ناسنامه‌ی ئه‌و دوو له‌هجه‌یه ده‌که‌ن نه‌ک پێوه‌ره زمانییه‌کان.
له وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک چین که کۆمه‌ڵیک له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی هه‌یه، یه‌ک زمانی ستانداری نووسینی هه‌یه به ناوی ماندارین Mandarin، که ئه‌و زمانه به چینی ناوه‌که‌ی پوتۆنگوا Putonghua یه. له پاڵ ئه‌م زمانه ستاندارده زمانێکی دی هه‌یه به ناوی کانتۆنی Cantonese که له هۆنگ کۆنگ و ماکاو چه‌ند هه‌رێمێکی دی به‌کاردێت و سه‌ر به له‌هجه‌یه‌که به ناوی یوی Yue، ئه‌م زمانه هه‌رچه‌نده بووه به زمانێکی ره‌سمی بۆ ئه‌و ناوچانه به‌ڵام به هۆی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی فه‌رهه‌نگیی و مێژوویی له‌گه‌ڵ چین تا ئێستا هه‌ر به له‌هجه‌یه‌کی زمانی چینی داده‌نرێت. زمانی چینی کۆمه‌ڵێک له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی هه‌یه و تێکڕای ئه‌و له‌هجانه‌ش سه‌ر به یه‌ک گروپی ئه‌تنیکی چینین به ناوی هۆن Han که گه‌وره‌ترین گروپی نه‌ته‌وه‌ییه له جیهاندا و له 98% دانیشتوانی چین پێکدێنێ. له‌هجه‌کانی چین به ڕاده‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازن هه‌ندێک به زمانه چینییه‌کان ناویان ده‌به‌ن، زۆربه‌ی ئاخێوه‌ری له‌هجه‌کان به زه‌حمه‌ت له‌یه‌ک تێده‌گه‌ن. له‌هجه‌کان به زۆری له ناوچه‌کانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ن. بۆ نمو‌نه له‌هجه‌ی وو Wu که 77 ملیۆن ئاخێوه‌ری هه‌یه، له هه‌رێمی جیانگسو و شانگهای و چه‌ند هه‌رێمێکی دی قسه‌ی پێده‌کرێ، له هه‌ندێک ناوچه‌ی شاخاوی ئه‌م هه‌رێمه ته‌نها ئه‌و له‌هجه‌یه به سه‌دان بن له‌هجه‌ی دی هه‌یه که به زه‌حمه‌ت له‌یه‌ک تێده‌گه‌ن. له‌هجه‌ی مین Min که 60 ملیۆن ئاخێوه‌ری هه‌یه له هه‌رێمی فوجیان و تایوان قسه‌ی پێده‌کرێ. له‌هجه‌ی شیانگ Xiang که 36 ملیۆن ئاخێوه‌ری هه‌یه و له به‌شی ناوه‌راستی باشوری رۆژئاوای وڵاته‌که له هه‌رێمی هونان قسه‌ی پێده‌کرێ، ئه‌مانه و زۆر له‌هجه‌ی هه‌مه‌جۆری دی له‌و وڵاته، ته‌نها یه‌ک زمانی یه‌کگرتوو به یه‌ک شێوازی نووسین writing system هه‌موو خه‌ڵکی چینی له یه‌ک کۆکردۆته‌وه. نهێنی مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو له‌هجه زۆره به یه‌کگرتوویی له‌و وڵاته پڕ دانیشتوانه ته‌نها بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که چین به درێژایی مێژوو هه‌ر له هه‌زاره‌ی سێهه‌می پێش میلاده‌وه تاوه‌کو ئه‌مڕۆ بێ بڕانه‌وه خاوه‌ن یه‌کێتییه‌کی به‌هێزی کولتوریی چینی بووه. کولتورێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ زمانێکی یه‌کگرتووی نووسین و به یه‌ک شێوازی نووسینی چینی، ئه‌و هه‌سته‌ی به ئاخێوه‌ری له‌هجه‌کان به‌خشیوه که ئه‌وان سه‌ر به یه‌ک زمانی نیشتیمانین. دوباره له پرسی جیاوازی له‌هجه‌یی له چین، فه‌رهه‌نگ و مێژووی هاوبه‌ش و یه‌ک ئه‌تنیکی هاوبه‌ش رۆلێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌گێڕێ له ده‌ستنیشان کردنی سنووری له‌هجه و زمان، ئینتیمای له‌هجه‌کان بۆ یه‌ک زمان و یه‌ک نه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که له‌هجه‌کان له رووی پێکهاتی زمانییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازن و له ناوچه‌یه‌ک بۆ ناوچه‌یه‌کی دی کێشه‌ی له‌یه‌ک گه‌یشتنیان هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ وڵاتێکی زه‌به‌لاحی وه‌ک چین که له هه‌موو وڵاتێک زیاتر هه‌مه‌چه‌شنی له‌هجه‌یی هه‌یه، که‌چی له هه‌مان کاتیش‌دا کێشه‌ی له‌هجه‌یی نیه.
لێره‌دا روون ده‌بێته‌وه، بۆ دیاری کردنی له‌هجه و زمان پێویسته په‌یوه‌ندی نه‌ژادی و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریی و سیاسیی ئاخێوه‌رانی ئه‌و له‌هجانه‌ش ڕه‌چاو بکرێن. بۆ نمو‌نه زمانی کوردی و فارسی له رووی ڕێزمان و مۆرفۆلۆژی و فۆنه‌تیک و سینتاکسه‌وه به راده‌یه‌ک له یه‌ک نزیکن که له رووی زمانه‌وانییه‌وه ده‌کرێ یه‌کێکیان به له‌هجه‌ی ئه‌و‌یدی دابنرێت، به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین له رووی ئه‌تنیکی و کولتوری و سیاسی و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی، فارس و کورد ته‌واو‌ێک له یه‌ک دوورن، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ بوون به دوو زمان و دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که له بنه‌چه‌دا ئه‌و دوو زمان و دوو نه‌ته‌وه‌یه له یه‌ک زمان و یه‌ک نه‌ژاد به پاشکه‌و‌تون. زمانه‌کانی وه‌ک سربی و کرواتی و بۆسنه‌یی له یۆگوسلاڤیای پێشوو له بنه‌چه‌دا یه‌ک زمانن و به باشیش له یه‌ک تێده‌گه‌ن، له رووی ڕێزمان و مۆرفۆلۆژی و فۆنه‌تیک و سینتاکسه‌وه ته‌واو له‌یه‌ک نزیکن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یۆگوسلاڤیا و تێکچوونی ڕه‌وشی سیاسی نێوانیان و جیاوازی پێکهاتی دینی و کولتوری نێوانیان، هه‌ر یه‌ک له ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه که له پێشدا یه‌ک زمان بوون به ناوی زمانی سربی- کرواتی ئه‌مڕۆ بوون به زمانی سه‌ربه‌خۆ و نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ. سربه‌کان به مه‌زهه‌ب مه‌سیحی سه‌ر به که‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتن و ئه‌رته‌دۆکسن و ئه‌لفوبێکه‌یان کرلیکییه، کرواته‌کان به مه‌زهه‌ب کاتۆلیکن و ئه‌لفوبێی لاتینی به کاردێنن، بۆسنییه‌کان به دین موسڵمانن و ئه‌لفوبێی لاتینی به‌کاردێنن. ئه‌م جیاوازییانه بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی که زمانی سربۆ – کرواتی که زمانێکی یه‌کگرتووی ئه‌و وڵاته بوو به‌ره‌و دابه‌ش بوون بچێت. به مانایه‌کی دی، به هۆی گۆڕانی باردۆخی سیاسی و کێشه‌ی کولتوریی، هه‌ر له‌هجه‌یه‌ک بۆی هه‌یه ببێ به زمان و سنووری ئینتیمای ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌ییشی بگۆڕێ.
ده‌کرێ هه‌مان شت بگووترێ سه‌باره‌ت به زمانه سڵاڤییه‌کان و زمانه جه‌رمه‌نییه‌کان و زمانه سێلتیکه‌کان. که رۆژگارێک یه‌ک زمان بوون به‌ڵام به‌هۆی دوور که‌وتنه‌وه‌یان له‌یه‌ک و گۆڕانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریی و سیاسیی و ئه‌تنیکییان ئه‌مڕۆ بوون به کۆمه‌ڵێک زمانی سه‌ربه‌خۆ.
ئینسکلۆپیدیای زمان‌ناسی که‌مبریج به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی له‌هجه Dialect ده‌کات: زمان له کۆمه‌ڵه له‌هجه‌یه‌ک پێکهاتووه، هیچ زمانێکیش به بێ له‌هجه نیه. له‌هجه، شێوه ئاخاوتنێکی سه‌ر به زمانێکه که ئه‌و زمانه له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکه‌وه قسه‌ی پێده‌کرێ، له‌هجه، کۆمه‌ڵێک ره‌فتاری زمانیی و مه‌عریفه‌یی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه هه‌یه. بۆ دیاری کردنی له‌هجه ده‌بێ له پێشدا ئه‌و زمانه دیاری بکرێ که ئه‌و له‌هجه‌یه ئینتیمای بۆی هه‌یه. له‌و زمانه‌دا هه‌ر له‌هجه‌یه‌ک بۆی هه‌یه له رووی گۆکردن یان ته‌له‌فوز pronunciation ، فه‌رهه‌نگۆکی وشه vocabulary و ڕێزمان grammar له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز بن، یان وردتر بڵێین، بۆی هه‌یه له رووی ده‌نگناسی phonology و وشه‌کانی فه‌رهه‌نگیی lexical وشه‌سازی morphology و ڕسته‌سازی syntax و ماناناسی semantics و پێکهاتی ڕسته syntactic structure ه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز بن.
به گوێره‌ی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی له‌هجه یان دیالێکت بکه‌ین ده‌بێ له پێشدا بزانین که ئه‌و له‌هجه‌یه سه‌ر به چ زمانێکه و چ په‌یوه‌ندییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و کولتوری له‌گه‌ڵ زمانه سه‌ره‌کییه‌که به‌یه‌که‌وه‌یان گرێ ده‌دا. هه‌روه‌ها له‌هجه بۆی هه‌یه له رووی ڕیزمان و فۆنه‌تیک و وشه و ده‌ڕبڕینی ده‌نگه‌کانی و دروستکردنی رسته‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز بن، بۆی هه‌یه ئاخێوه‌رانی له‌یه‌ک تێبگه‌ن به باشی و بۆی هه‌یه له‌یه‌ک تێنه‌گه‌ن به باشی، بوونی ئه‌م جیاوازییانه له له‌هجه‌دا نابنه پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به زمانی سه‌ربه‌خۆ دابنرێن و یانیش له له‌هجه‌ی زمانێک داببڕێن.
که‌واته له‌هجه کوردییه‌کان ئه‌گه‌ر له رووی پێکهاتی زمانییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز بن، ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه نییه که ئه‌وانه له‌هجه نین و زمانی سه‌ربه‌خۆن، په‌یوه‌ندی مێژوویی و کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوبه‌شی ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کان، به درێژایی مێژوو، ئه‌و له‌هجانه‌ی به به‌شێکی زمانی کوردی داناوه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، شه‌ره‌فخانی بدلیسی له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م ، پێش سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم له رۆژهه‌ڵات، زۆر به جوانی له‌هجه‌کانی زمانی کوردی ده‌ستنیشان کردووه که ده‌ڵی کورده‌کان که زمان و دابونه‌ریتیان له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازه له چوار به‌ش پێکدێن، یه‌که‌م: کرمانج، دووه‌م: لوڕ، سێهه‌م: که‌ڵهوڕ، چواره‌م: گۆران. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له‌هجه کوردییه‌کان له هه‌موو روویه‌کی زمانه‌وانییه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌را‌ورد بکرێ له‌گه‌ڵ زمانه ئێرانییه‌کانی دی، له زمانی کوردی زیاتر نزیکن تا زمانی دی. سه‌باره‌ت به ڕاده‌ی له‌یه‌کگه‌یشتنی ئاخێوه‌رانی، ئه‌مه‌ش به پێی له‌هجه و ناوچه ده‌گۆڕێ، به‌ڵام به گشتی له‌یه‌کگه‌یشتن له نێوان زۆربه‌ی له‌هجه کوردییه‌کاندا هه‌یه. له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا، کورد به له‌هجه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌ئاخفن. ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ له‌هجه‌یه‌کی دی ئاشنا بێت، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ک، به له‌هجه‌ی یه‌کدی شاره‌زا ده‌بن و له‌گه‌ڵ یه‌ک به‌کوردی ده‌دوێن.
شیاوی گووتنه له وڵاتێکی شاخاوی وه‌ک کوردستان که پڕیه‌تی له به‌ربه‌ستی سروشتی، وه‌ک روبار و چیا و دۆڵ و .. . که هه‌تا ئه‌م دواییه‌ش ڕێگاوبانی هاتوچۆی زۆر که‌م بووه، په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری نێوان عه‌شیره‌ته کورده‌کان زۆر که‌م و بێهێز بووه، نه‌بوونی شاری گه‌وره و په‌ره نه‌سه‌ندن و که‌ڵه‌که نه‌بوونی سه‌رمایه له کوردستان، سه‌ره‌ڕای دابه‌شبوونی خاکه‌که‌ی، له رووی سیاسییه‌وه، به سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا که ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش هه‌میشه هه‌وڵی تواندنه‌وی زمانی کوردی‌یان داوه. بوونی تێکڕای ئه‌م فاکته‌رانه، زۆر ئاسییه له وڵاتێکی وه‌ک کوردستان، له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شن په‌یدا ببێت. ئه‌مه به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌ی هه‌ورامان که پڕیه‌تی له کێوی به‌رز و ته‌لان و که‌ند و له‌ند، ئه‌گه‌ر جیاوازی له‌هجه له‌وێ قوڵتر و فره تر بێ، ئه‌مه دیاره بۆ هۆکاره سروشتییه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
تێبینی: ئی وتارێ لامۆ پەسەندە بێ،،هنەو بەڕیزیوە بێ بەنامێ کاک سوداد ڕيسوڵی جەفەیسبوکەنە پەڕەو زوانی ستانداردی کوردی نە هۆرم گرتێنە 20-7-2012 یەکە ڕۆ ڕەمەزانی...هەلەبجە